پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ١٦ تۆمەتباری ھێرشکردنە سەر کچەکەی گەڕەکی هوانەی ڕاگەیاند

31-12-2022 12:27
ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون.

پەرەگراف

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی 16 تۆمەتباری ڕووداوەكەی هوانەی ڕاگەیاند و دەڵێت "سەرجەمیان دانیان بەوەدا ناوە كە بەشدار و هاوكار بوون لەو پشێوی و لێدان و تاوانەدا".

سەركەوت ئەحمەد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی "كچەكانیش یەكەم جاریان نییە دەچن بۆ ئەو شوێنە و سێ‌ كچن، بەڵام دەستدرێژی و هێرشكردنە سەر یەكێكیان دەردەكەوێت، دوانەكەی دیكە هیچیان دەرهەق نەكراوە".

سەبارەت بەو كچەی هێرشەكەی كراوەتە سەر، سەركەوت ئەحمەد دەڵێت، كچەكە تەمەنی ١٧ ساڵە و خەڵكی سلێمانییە، كوڕەكانیش خەڵكی سلێمانی و دانیشتوی ناوشارن.

دوێنێ كۆمەڵێك كوڕی گەنج لە سلێمانی ھێرشیان كردە سەر كچێك، لێیان دا و ھوھالێكردن جنێو و قسەی ناشرینیان پێگوت. ڕووداوەكە لە گەڕەكی ھوانەی ڕووی دا، كچەكە چووەتە ئەو شوێنە بۆ سەریكردنی نمایشێكی ماتۆڕسواری.

سەبارەت بە هۆكاری ڕووداوەكە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "دیارە پشێوی لە نێوان دوانیان دروست بووە و ڕەنگە ئەم كچەش تەداخولی كردبێت". دەشڵێت "زانیاریمان لەسەر ئەو كچە هەیە و جاری تریش كێشەی هەبووە".

کۆنگرەی رۆژنامەوانی پۆلیس

ڕووداوەكە كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆی دا ھێناوە و زۆر كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەیان لەسەر كردووە و ڕەخنەی تووند لە ڕەفتارو پەلاماردانی ئەو گەنجانە دەگرن.

"ئەو نێرانەی وەك دڕندە پەلاماری كچێك ئەدەن كە خواستی بووە وەك هەركەسێك تەماشای پێشبڕكێیەك بكات، بەرهەمی ئەوخیتابە بەربەرییەن كە ڕۆژانە بەرامبەر ژن و كچی ئەم هەرێمە بە پلان و بە ڕێكخراوی بەڕێوەئەچن" ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەكاردانەوەی ھێرشكردنەسەر ئەو كچەدا لە تویتێكدا وادەڵێت.

سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێت: دەسەڵات و كۆمەڵگەیەك ئەم بەربەریەتە ڕاینەچڵەكێنێت ئەبێت چاوەڕێی مردنێكی خێرا بێت.