دەستەى گەشتوگوزار: زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە

31-12-2022 05:48

پەرەگراف

بەڕێوەبەری بەبازاڕكردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان دەڵێت "بەپێی داتاكان لەمساڵدا زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و زۆرترین گەشتیار ڕوویان لە هەولێر كردووە". بەراورد بە ساڵى ڕابردوو، هاتنى گەشتیار بۆ هەرێم بە ڕێژەى لەسەدا ٣٣ زیادى کردووە.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕكردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامارەكانی گەشتیاری بە "دڵخۆشكەر" ناو دەبات و دەڵێت "وەكو ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو" ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لەمساڵدا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

بەپێی ئاماری ساڵی 2021ی دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان، لەو ساڵەدا "چوار ملیۆن و ٩٣ ھەزار و ٨٨٨ گەشتیار" سەردانی ھەرێمیان كردووە و زۆرینەیان لە ناوچەكانی خواری عێراقەوە هاتوون. بەو پێیەش هاتنى گەشتیار لەمساڵدا دوو ملیۆن زیادى کردووە.

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، لە ئێستادا "٤٦٠ هۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل و ئەپارتمان، ٥٩٠ ڕێستۆرانت، ٧١٥ كافتریا، ١٠ شاری یاری، ٦٠٠ كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، ٥٤ كۆمەڵگەی گەشتیاری، ٤٥ یانەی شەوانە و ٧٢ هۆڵی ئاهەنگ گێڕان لە هەرێمی كوردستاندا هەن و لە خزمەتی هاووڵاتیان و گەشتیاراندان".

لە هەولێر ٢٧١ هۆتێل، لە سلێمانی ١١٠، لە دهۆك ٧٦ و لە گەرمیانیش سێ‌ هۆتێل هەن. هەروەها كۆمەڵگە گەشتیارییەكانیش لە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان ٥٤ كۆمەڵگەی گەشتیارییە، بەم شێوەیە دابەش بوون: لە هەولێر ١٣ كۆمەڵگە، لە سلێمانی ٣٤، لە دهۆك پێنج و لە گەرمیانیش دوو كۆمەڵگای گەشتیاری هەن.

سەبارەت بە زمانی سەرەكی و نووسین لەسەر تابلۆكانی شوێنە گەشتیارییەكان، بەڕێوەبەری بەبازاڕكردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت "ئامانجی دەستەی گەشتوگوزار لە بڕیاری تایبەت بە زمانی كوردی و نووسینی تابلۆ و مینیۆكانی ڕێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەكان، پاراستنی زمانی كوردی و بایەخدان بە كلتوور و شووناسی كوردی و ناساندنێتی بە گەشتیاران".

سیروان تۆفیق باس لەوە دەكات كە "لە هەموو دونیا هەر وڵاتێك كە ڕووی تێ دەكەیت، زمانی سەرەكیی زمانی ڕەسەنی خەڵكی وڵاتەكەیەتی، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان خەریك بوو زمانەكانی دیكە ببنە هەڕەشە بۆ سەر زمانی كوردی، بۆیە دەستەی گەشتوگوزار بە بڕیارێك بنكە و شوێنە گەشتیارییەكانی ناچار كرد كە زمانی سەرەكیی نووسین و ئاخاوتن، زمانی كوردی بێت".

بەڕێوەبەری بەبازاڕكردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزار دەشڵێت "بەپێی بڕیارێكی حكومەتی هەرێی كوردستان، پێویستە ٧٥٪ی ئەوانەی لە ڕێستۆرانت كافێ و شوێنە گشتییەكان كار دەكەن، هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بن، بەڵام دەبێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەم ڕێژەیە هەوڵی جێگیركردنی بدرێت و بتوانرێت زۆرترین ڕێژەی هەلی كار بۆ خەڵكی كوردستان بڕەخسێندرێت".