وەزیری شارەوانی: داھاتی وەزارەتمان لەسەدا ٥٥ زیادی کردووە

01-01-2023 04:27
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی

پەرەگراف

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان توانیویەتی لە ساڵی رابردوودا بەڕێژەی لەسەدا ٥٥ داهاتی زیاد بکاتو بەشێکی ئەو داهاتەش بۆ خزمەتگوزاری شارەوانییەکان خەرج دەکرێتەوە.

ساسان عەونی بە ماڵپەڕی حکومەتی ھەرێمی وت: ''بەپێی پلانێک کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ساڵی ٢٠٢٢مان دانا و ئامانجان ئەوە بووکە بتوانین داهاتەکانمان ٣٥% بە بەراورد بە داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢١ زیاد بکەین، دەتوانین بڵێین تاوەکو ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کەدوا رۆژی دەوامی فەرمی دامودەزگاکان بوو، داهاتی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ٣٠٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆندینار بووە کە بە بەراورد بە رێژەی پارساڵ و ئەو پلانەی داماننابوو، توانیومانە ٥٥% داهاتەکانمان زیاد بکەین.''

وەزیری شارەوانی ئاماژەشی بەوەدا کە بە دوو شێوە دەتوانن سود لەو داهاتە وەربگرن، ١٥%ی ئەو داهاتە لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی دەکرێتەوە خزمەتگوزاری بۆ هەمان شارو شارۆچکە و خزمەتگوزاری شارەوانی پێ ئەنجامدەدرێت.

سەبارەت بە کەرتی ئاویش روونیکردەوە کە ١٧%ی ئەو داهاتە، دەکرێت بە پرۆژەی خزمەتگوزاری و پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆی لەشارو شارۆچکەکان پێ ئەنجام دەدرێت.