چالاکوانانی مافی ژن لە سلێمانی گردبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی ھێرشی سەر کچەکەی ھوانە

01-01-2023 06:54
گردبوونەوەی ئەمڕۆی چالاکانی مافەکانی ژنان لە سلێمانی.

پەرەگراف

کۆمەڵێک چالاکوانی مافەکانی ژنان لە پارکی نالی لە سلێمانی، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی هێرشکردنەسەر کچەکەی گەڕەکی هوانە گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

بەهار مونزیر، یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی، چیتر پیاوسالاری و ستەم لەژێر ھیچ ناو و بیانوویەکدا قبوڵ ناکەن.

"رووداوەکەی ھوانە بیرھێنانەوەی ستەمێکە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەرھەق بە ژنان دەکرێت، بە شێکە لە تاوانی ڕەشەکوژیی ژنان کە دەیان ساڵە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لێپرسینەوەو سزای شایستەی تاوانباران نادرێن" ئەو چالاکوانەی مافی ژنان وای وت.

گردبوونەوەی چالاکان بۆ ئیدانەکردنی رووداوەکە

ھەینی ڕابردوو کۆمەڵێک کوڕی گەنج لە سلێمانی ھێرشیان کردەسەر کچێک، لێیاندا و بە ھوھالێکردن جنێوو قسەی ناشرینیان پێگوت، ڕووداوەکە لەگەڕەکی ھوانە ڕوویدا، کچەکە چووەتە ئەو شوێنە بۆ سەریکردنی نمایشێکی ماتۆڕسواری، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ھێرشکردنەسەر ئەو کچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە 'جلێکی نیمچەڕووت'ی لەبەردایە.

پۆلیسی سلێمانی دوێنێ ڕایگەیاند، ١٦ تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە دەستیان لە ڕووداوەکەی هوانەدا هەبووە، کە تێیدا پەلاماری کچێک دراو توندوتیژی و سوکایەتیی پێکرا.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، کچەکە تەمەنی ١٧ ساڵەو خەڵكی سلێمانییەو کوڕەکانیش خەڵکی سلێمانی و دانیشتوی ناوشارن.

ھاوکات حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند "ھێرش و پەلاماردانی کچێکی گەنج لە ناوچەی ھوانەی شاری سلێمانی جێگای شەرمەزاریە، ھەروەک چۆن لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕووداوێکی دیکەی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویدا، ئەم ڕووداوانە ھەرگیز مایەی قبوڵکردن نین".

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتیشی "حکومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ھەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان دەوەستێتەوە و پێویستە بە زووترین کاتیش ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بگیرێتەبەر".