قەبارەی هاوردەکردن لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلارەو هەناردەکردن گەیشتووەتە ٦٧٢ ملیۆن دۆلار

02-01-2023 02:40
دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک.

پەرەگراف

قەبارەی هاوردەکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بریتی بووە لە ١٥ ملیار و ٤٠٣ ملیۆن دۆلار، هەناردەكردنیش گەیشتووەتە ٦٧٢ ملیۆن و ٧٦٧ هەزار دۆلار، بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەو ساڵەدا ٥٢٠٤ مۆڵەتی هاوردنی شتومەك و ١٦٨ مۆڵەتی هەناردەی بۆ كاڵای جۆراوجۆری كشتوكاڵی و پیشەسازی داوە.

"یەكێك لەو كاڵایانەی هاوردە كراوە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، هێنانی ئۆتۆمبێلە، لە ساڵی ڕابردوودا ١٠٥هەزار و ١٢٦ ئۆتۆمبێل هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان كراون" نەوزاد شێخ كامیل بۆ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم وادەڵێت.

ئەو كاڵا سەرەكییانەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەناردەی كردوون بریتین لە؛ كانزا، هەنار، دۆشاوی تەماتە، تەحین، سماق، دۆشاوی جۆراوجۆر، جووجەڵە، یەدەگی ئۆتۆمبێلی تێكشكاو.

جگە لە پرسی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، چاودێریكردنی بازرگانیی ناوخۆ یەكێك بووە لە كارەكانی بەڕیوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی.

ماردین ئەبوبەكر حسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەوبارەیەوە دەڵێت، لە میانی چاودێرییەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك و تەندرووستیی هاووڵاتیان، ٤٤٨ هەزار كیلۆ كاڵای ماوەبەسەرچوو لەناوبراون. هەروەها ١٨٠٩ سەرپێچیی بازرگانی هەبووە، ئەوەش ٢٨١ داخستن و سزای دارایی ٣٢٩ ملیۆن و ٣٢٢ هەزار دیناری لێ كەوتووەتەوە.