شەپۆلێکی بەفرو باران و سەرما بەڕێوەیە؛ لە سەرجەم ناوچەکان باران زیاتر باریوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو

02-01-2023 05:24
دیمەنێکی دوای بەفربارین لە حاجی ئۆمەران

پەرەگراف

شەپۆلێکی بەفرو باران و سەرما بەڕێوەیە بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەمساڵ لە سەرجەم ناوچەکان باران زیاتر باریوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمکاتە.

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سەربە ئەوانە، بە پەرەگرافی وت: ڕۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی باران و سەرماو سۆڵە ڕوو لە عێراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە لەژێر نزمه پاڵەپەستۆی دەریای سورە و ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەردەوام دەبێت.

وتیشی، سەرەتا شەپۆلەکە لەپارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی بە مامناوەندی دەست پێدەکات و دواتر لەهەندێک شوێن بارانی بەلێزمە دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.

بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە، لەم شەپۆلەدا پلەکانی گەرما بۆ ٢ پلە دادەبەزێت و لەکاتی پێویستدا وەزارەتی گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتی بومەلەرزەزانی ڕاپۆرتی خۆی بەرزدەکاتەوە بۆ دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان.

دەربارەی ڕەوینەوەی مەترسیەکانی وشکەساڵیی دیلان ڕەشاد، وتی "هێشتا لە وەرزی باران بارینداین و زووە بڕیار لەسەر نەمانی مەترسی وشکەساڵی بدەین".

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمساڵ لە سەرجەم ناوچاکانی ھەرێم باران زیاتر باریوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمکاتە؛ زۆرترین بارانیش لە سلێمانی باریوە کە ١٢١.٣ ملیمەو ساڵی ڕابردوو ئەمکاتە ٣٨.٣ ملیم باریبوو.

لە دوای سلێمانی زۆرترین بارانی ئەمساڵ لە دھۆک باریوە کە ١١٤.٦ ملیمەو ساڵی ڕابردوو ئەمکاتە تەنھا ٤.٦ ملیم باریبوو، بەپێی ئامارەکانی کەشناسیی ھەرێم کە دیلان ڕەشاد بۆ پەرەگرافی ناردووە.

لە پارێزگای ھەڵەبجە ئەمساڵ ٩٧.٢ ملیم باران باریوەو ساڵی ڕابردوو ئەمکاتە ٧٦.٤ ملیم باریبوو، لە کەرکوک ٧٤.٣ ملیم باریوەو ساڵی ڕابردوو ١٣.٦ ملیم باریبوو، لە ھەولێریش ئەمساڵ ٥٢.٥ ملیم باریوەو ساڵی ڕابردوو ئەمکاتە ١٦.٨ ملیم باریبوو.