سێ تۆمەتباری دیکەی هێرشکردنەسەر کچەکەی هوانە دەستگیرکران

03-01-2023 02:35
ساتی لێدانی کچەکە لەلایەن کوڕێکەوە - بەشێک لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان

پەرەگراف

ئەو کچەی لە شوێنی نمایشی ماتۆڕەکان لە گەڕەکی هوانەی سلێمانی هێرشیکرایەسەر سکاڵای تۆمارکردو پۆلیس سێ تۆمەتباری دیکەی ئەو ڕووداوەی دەستگیر کرد.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی پزیشکیی بۆ کچەکە کراوەو تەندروستیی باشەو سکاڵای تۆمارکردوە لەسەر ئەو کەسانەی هێرشیانکردووەتەسەر.

وتەبێژەکەی پۆلیس وتیشی، سێ تۆمەتباری دیکەی ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون و ئێستا ١٩ دەستگیرکراوهەن، "ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت شەق لە کچەکە دەدات لەناو دەستگیرکراوەکاندایە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەش کە دەستیان باداوەو ئازاریانداوە".

"شوێنی نمایشی ماتۆڕسکیلەکان لە هوانە داخراوەو هەرماتۆڕسوارێک لە هەرشوێنێکی سلێمانی نمایش بکات و خەڵک بێزاربکات لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و دەستگیری دەکەین" سەرکەوت ئەحمەد وای وت.

ڕۆژی ٣٠-١٢-٢٠٢٢ کۆمەڵێک کوڕی گەنج لە سلێمانی ھێرشیان کردەسەر کچێک، لێیاندا و ھوھالێکردن جنێوو قسەی ناشرینیان پێگوت، ڕووداوەکە لەگەڕەکی ھوانەی ڕوویدا، کچەکە تەمەنی ١٧ ساڵەو خەڵکی سلێمانییەو چووەتە ئەو شوێنە بۆ سەریکردنی نمایشێکی ماتۆڕسواری، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ھێرشکردنەسەر ئەو کچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە 'جلێکی نیمچەڕووت'ی لەبەردایە.

ڕووداوەكە كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆی دا ھێناوە و زۆر كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەیان لەسەر كردووە و ڕەخنەی تووند لە ڕەفتارو پەلاماردانی ئەو گەنجانە دەگرن.

حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، ھێرش و پەلاماردانی کچێکی گەنج لە ناوچەی ھوانەی شاری سلێمانی جێگای شەرمەزاریە، ھەروەک چۆن لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕووداوێکی دیکەی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویدا، ئەم ڕووداوانە ھەرگیز مایەی قبوڵکردن نین.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتیشی "حکومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ھەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان دەوەستێتەوە و پێویستە بە زووترین کاتیش ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بگیرێتەبەر".

هاوکات ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەكاردانەوەی ھێرشكردنەسەر ئەو كچەدا لە تویتێكدا وتی "ئەو نێرانەی وەك دڕندە پەلاماری كچێك ئەدەن كە خواستی بووە وەك هەركەسێك تەماشای پێشبڕكێیەك بكات، بەرهەمی ئەوخیتابە بەربەرییەن كە ڕۆژانە بەرامبەر ژن و كچی ئەم هەرێمە بە پلان و بە ڕێكخراوی بەڕێوەئەچن"

سەرۆكی پەرلەمان وتیشی: دەسەڵات و كۆمەڵگەیەك ئەم بەربەریەتە ڕاینەچڵەكێنێت ئەبێت چاوەڕێی مردنێكی خێرا بێت.