گەنجێک لە ڕانیە کە بە کارتۆن کۆکردنەوە ئۆپڵێکی کڕی، ئەمڕۆ گڕیگرت و سووتا

03-01-2023 09:42
کەیوان بەدیار سووتانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە دانیشتووە. وێنە؛ مەجید بتوێنی

پەرەگراف

گەنجێک لە شاری ڕانیە کە بە کارتۆن کۆکردنەوەو شاگردیی ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵی كڕی بوو، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەکەی بەھۆی کێشەی 'فیول پەمپەوە' گڕیگرت و سووتا.

ڕۆژنامەنووس مەجید بتوێنی لەسەر ڕەزامەندیی ئەو گەنجە وێنەو ڤیدیۆی ڕووداوەکەی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت، چەند گەڕەکێک لەولای ماڵی ئەوانەوە دوکەڵ بەرزبووەتەوەو دەنگی ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانی هاتووە، "ڕامکرد بزانم چی بووە، گەنجێک بەڕامانێکی قوڵ بەرامبەرسوتانی ئۆتۆمبێلەکەی دانیشتبوو بیری دەکردەوە، دوای کوژانەوەی ئاگرەکە پرسیم چی ڕوویداوە براکەم؟".

کەیوان محەمەدی تەمەن 23 ساڵ، دانیشتوی شاری ڕانیە وەڵامی دایەوەو گوتی "بەکۆکردنەوەی کارتۆن و شاگردی دوای چوارساڵ لههاوسەرگیری بەخەونەکەم گەیشتم توانیمان ئۆتۆمبێلێکی ئۆپڵ مۆدێل کۆن بکڕین بە 24 گەڵاو تائێستاش پێنج گەڵا لەسەری قەرزداربووینەتەوە".

"ئەمڕۆ ئێوارە لەبەردەرگا فیول پەمپی تەواو نەبوو ویستم چاکی بکەم سلفم لێدا گڕیگرت و بە تەواوی سوتا، مۆبایلەکەشم لەناویدا سوتا، ئێستا نازانم ڕۆژانە چۆن بڕۆم بۆ ناوچەی پیشەسازی لەوێ شاگردی دەکەم و دەترسم کارەکەم لەدەست بدەم".

بەوتەی شایەتحاڵەکان، باری دارایی ئەو گەنجە خراپە، "کەیوان گوتی سوپاس گوزاری خودام بەم ڕووداوە بچوکە بەسەری کردومەتەوە، ئەیگەر منداڵێکی چاوگەشم پان کردبایەوە چیم کردبا" مەجید بتوێنی وادەڵێت.

ڤیدیۆی ڕووداوەکە