پەیامی نوێ لە ئەمەریکاوە لەبارەی هاوکارییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی

04-01-2023 11:56
ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان

پەرەگراف

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هانی پارتی و یەکێتییان داوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و وەڵامی ئەرێنییان وەرگرتووە، تەئکیدیش دەکاتەوە لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاو وەزارەتی پێشمەرگە ناگۆڕێت و بەردەوام دەبێت سەرەڕای هەبوونی جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەکێتی.

ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، بەدواداچوون و چاودێریی هەبووە لە بەرزترین ئاستی حکومەتی ئەمەریکاوە بۆ جێبەجیکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاو وەزارەتی پێشمەرگە.

"چاوەڕوانیمان ئەوەیە گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوون لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت و بە روونی ئەوەمان بە بەرپرسانی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێم گوتوە" ئێرڤن هیکس وای وت.

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا، لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، دڵخۆشن بەوەی گفتوگۆ هەیە لە نێوان ئەو دوو حیزبەو ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە لە نێوانیان کە جێگرەوەی وەزیری پێشمەرگە دابنرێت.

ئێرڤن هیکس وتیشی، بۆ پارتی و یەکێتییان ڕوون کردووەتەوە کە پێیانباشەو هانیان دەدەن ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەرێمی کوردستانێکی یەکگرتوو بۆ ئەمەریکا باشترە کە هاوشانێکی یەکگرتووی هەبێت و ماڵێکی یەکگرتوو زیاتر گەشە دەکات و لەبرەوداندا دەبێت، پارتی و یەکێتیش پێیان گوتوون گفتوگۆ دەکەن و ناکۆکییەکان دەخەنەلاوە.

پرسی ئازادی ڕۆژنامەوانیی و ڕادەربڕین بەشێکی دیکەبوو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کونسوڵی گشتی ئەمەریکا کە تێیدا جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی.

"زۆر ڕوون و دلێرانە دەنگ و نیگەرانییەکانی خۆمان دەربڕیوە لەبارەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و بەردەوام دەبین لە گەیاندنی نیگەرانییەکانمان کاتێک پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ڕوودەدات، ئازادی ڕاگەیاندن یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی لە ٢٠٢٣دا تیشکی دەخەینەسەر" ئێرڤن هیکس وای وت.