یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ٣٠هەمینجار لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

04-01-2023 01:59
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی دەرچووە یەکەمەکان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران. وێنە؛ پاشا سەنگەر.

پەرەگراف

یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای دامەزراندن دەکەن.

بە دروشمی "بەڵێ بۆ دامەزراندن"و چەندین دروشمی دیکە، نوێنەرانی دەرچووی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە ٣٠هەمین خۆپیشانداندا ڕەخنەیان لە بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم گرت بۆ دامەزراندنیان کە تائێستا جێبەجێ نەکراوە.

نوێنەرێکی دەرچووە یەكەمەكان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ناوەندەکانی خوێندن پێویستیان بە دەرچووان هەیەو پێویستە بە هەمیشەیی ساڵانە دابمەزرێن.

ئەو دەرچووە خۆپیشاندەرە وتیشی: ئێمە زیاتر لە ٥٥٠٠ دەرچووین و ئەگەر حکومەت بەدەم داواکەمانەوە نەیەت دەڕژێینەسەر شەقام و هەڵوێستی جددیترمان دەبێت.

دواینجار کە بڕیاری دامەزراندنی یەکەمەکان درا، کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بوو سەرۆكی حكومەت ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمی دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016 - 2017ی زانكۆ و پەیمانگاكان کە ژمارەیان نزیكەی 1378 خوێندکاربوو، لەدوای ئەو بڕیارە دەرچووانی ساڵانی دواتر دانەمەزراون.