پۆلیسی سلێمانی: گەنجەكەی قەرەداغ خنكێنراوە و دوو برای دەستگیر كران

05-01-2023 03:35
كەسوکارى گەنجە کوژراوەکە لەبەردەم پەیمانگاى پزیشکى دادیى سلێمانى

پەرەگراف

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند "گەنجەكەی قەرەداغ خنكێنراوە و لەسەر دۆسیەی كوشتنیشی دوو برای دەستگیر كران، پۆلیس لە هەوڵدایە بۆ دەستگیركردنی برایەكی دیكەی كە پلەدارێكی سەربازییە و لە هەولێرە".

پێشر باوكی كوڕەكە و دوو برای دیكەشی لە دوو كاتی جیاوازدا كوژراون و ئەمە چوارەم ئەندامی خێزانەكەیە كە دەكوژرێت.

هاوسەری دوایین كوڕی كوژراوی خێزانەكە، براكانی هاوسەرەكەی تۆمەتبار كردووە بە كوشتنی و سكاڵای لەسەر تۆمار كردوون.

پۆلیسی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ڕۆژی 3-1-2023 ‌تەرمی‌ هاووڵاتییەك لە ڕێگای‌ سلێمانی‌ - قەرەداغ دۆزرایەوە كە دوای‌ ڕەوانەكردنی‌ بۆ پزیشكی‌ دادوەری، دەركەوت كەسەكە خنكێنراوە، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵنەوەكانی‌ بۆ دۆزینەوەو ئەنجامدەرانی‌ تاوانەكە دەست پێ كرد".

وەكوو پۆلیس خستوویەتیە ڕوو "پێشتر لە ڕۆژی 23-12-2022 هاوسەری‌ كوژراوەكە هەواڵی دیارنەمانی هاوسەرەكەی گەیاندبووە بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا و سكاڵای‌ یاسایی لەسەر سێ برای‌ هاوسەرەكەی‌ تۆمار كردبوو".

دادوەر بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ "تۆمەتباران" دەركردووە. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كرد و توانرا دوو برای كوژراوەكە دەستگیر بكەن‌ و لەئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها هێزەكانی‌ پۆلیس لە هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی‌ براكەی‌ دیكەیان كە پلەدارێكی سەربازییە و لە هەولێر نیشتەجێیە".

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كردووە كە "لە ساڵی‌ 1995دا باوكی ئەو كوڕانە بە ناوی (ل، ح) لە گوندی‌ كانی خاكیی‌ سەر بە ناحیەی‌ سەنگاو كوژراوە".

دوو برا كوژراوەكەی دیكەی ئەو گەنجە لە ڕۆژی 14-6-2014 ‌لەسەر ڕێگای عەربەت - سلێمانی تەرمەكانیان‌ دۆزراونەتەوە، هەر ئەو كاتیش لە بنكەی پۆلیسی عەربەت دۆسیەی‌ لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و ڕێكاریی یاسایی گیراوەتە بەر، بەڵام دۆسیە ئەنجامی ئەوتۆی نەبووە.