بەغداد داوای پارەی 17 ساڵی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان لە هەرێم دەكات

05-01-2023 05:40

پەرەگراف

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق داوای پارەی بەشەخۆراكی مانگانەی 17 ساڵی هاووڵاتیان لە حكومەتی هەرێم دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار كراوە.

بە بۆچوونی سۆران عومەر، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی "عێراق ڕێكاری یاسایی بەرامبەر هەرێم لە هەموو بوارەكاندا دەگرێتە بەر و داوای داهاتە فیدراڵیەكان دەكات".

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "كۆمپانیای بازرگانیی خۆراكی عێراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر وەزیری بازرگانیی هەرێم تۆمار كردووە و داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراكی هاووڵاتیانی هەرێم دەكات".

وەكوو ئەو پەرلەمانتارە خستوویەتیە ڕوو، حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2004 تا 2021 ئەو پارەیەی بۆ حكومەتی عێراق نەگەڕاندووەتەوە كە مانگانە لە بەرانبەر بەشەخۆراكدا لە هاووڵاتیانی وەردەگرێت، كە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی.

دادگای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی 9-1-2023ی بۆ كۆبوونەوە لەسەر سكاڵاكەی كۆمپانیای بازرگانیی خۆراكی عێراق دیاری كردووە.