ئێران دوو خۆپیشاندەری لەسێدارە دا؛ یەكێكیان كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە

07-01-2023 02:45
لە ڕاستەوە؛ محەمەد مەهدى کەرەمى و محەمەد حسێنى

پەرەگراف

ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو خۆپیشاندەری دیكەدا جێبەجێ‌ كرد كە یەكێكیان كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. بەوەش ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی كە لە سێدارە دراون بۆ چوار خۆپیشاندەر بەرز بووەوە. بەپێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوەکانیش، دەیان دەستگیرکراوى دیکەى خۆپیشاندانەکان لەبەردەم مەترسیى لەسێدارەداندان.

محەممەد مەهدی كەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی شارۆچكەی بیجاڕ لە ڕۆژهەڵاتـی كوردستان، هەروەها سەید محەممەد حوسێنی، تەمەن ٣٩ ساڵ، بەبێ ئەوەی دوایین چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاریان ئەنجام بدەن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شوێنێكی نەزانراو لەسێدارە دراون.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "لە دۆسیەی ئەو دوو بەندكراوەدا، لانی كەمی پێوەرەكانی دادگاییكردن و پێڕاگەیشتنی دادوەر بە دۆسیەكەیان بە بەشداریی خۆیان لە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكانی دادگادا كە مافی بەرگرییان لە خۆیان هەبێت، ڕەچاو نەكراوە و تەنانەت پێوەرەكانی ناوخۆییی ئێران بۆ بەڕێوەچوونی ئەو دادگایە ڕەچاو نەكراوە".

ڕێكخراوەكە ئەوەیشی خستووەتە ڕوو كە ئەو دوو سزادراوە كوردە "مافی هەبوونی پارێزەریان پێی نەدراوە، ڕێگەیشیان پێ نەدراوە دوایین ساتی ژیانیان بنەماڵەكانیان ببینن و ماڵاوایییان لێ بكەن".

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی هەنگاو؛ محەممەد مەهدی كەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی لەلایەن "لقی یەكی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبورز بە سەرۆكایەتیی دادوەر مووسا ئاسف ئەلحەسنی، بە تۆمەتی خراپەكاری لەسەر زەوی لە ڕێگەی تاوان بە دژی ئاسایشی ناوخۆیی، بە موحاربە (واتە شەڕ بە دژی خودا) مەحكووم و سزای لەسێدارەداننیان بەسەردا سەپێندرا".

دادگای ئێران 16 كەسی بە تۆمەتی كوشتنی ئەندامێكی بەسیج بە ناوی (ڕوحوڵڵا عەجەمیان) دەستگیر كردووە و ئەم دوو خۆپیشاندەرە وەكوو "ئەنجامدەری سەرەكیی تاوانەكە" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

پێشتر كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی محەمەد مەهدی كەرەمی بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو "محەممەد لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی ڕۆحی و جەستەییی ناوەندە حكوومەتییەكاندا بووە و چەندین جار بەدەست لێدان لە سمت و جەستەی هەڕەشەی دەستدرێژیی سێكسی لێ كراوە. ناوبراو لە چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كردووەتەوە".

محەممەد مەهدی كەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی گوندی كوتانی خواروو سەر بە شاری بیجاڕ و دانیشتووی نەزرئاباد لە شاری كەرەج بوو. ئەو لاوە كوردە لە بواری وەرزشی كاراتیدا چەندین مەدالیای لە ئاستی پارێزگا و سەرانسەری ئێراندا بەدەست هێنابوو.

هەروەها هەنگاو دەڵێت "سەید محەممەد حوسێنیی تەمەن ٣٩ ساڵ، لە كێڵگەیەكی پەلەوەر كاری كردووە. بەپێی ئەو زانیاریییە كەمانەی كە لەسەر ناوبراو لە بەر دەستدایە، هەر بە منداڵی، باوك و دایكی كۆچی دواییان كردووە و بە هەتیوی گەورە بووە".

موحسین شكاری و مەجید ڕەهنەوەرد، دوو خۆپیشاندەری دیكە بوون كە لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە لە تاران و مەشهەد دەستگیر كران و سزای لەسێدارەكانیان بەسەردا سەپاندن، مانگی ڕابردوویش سزاكە جێبەجێ‌ كرا.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ هۆشداریی دا لەوەی كە "بەلای كەمەوە 26 كەس" لەو كەسانەی پەیوەست بە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی ئێران دستگیر كراون، لەبەردەم مەترسیی لەسێدارەداندان.

هەروەها كۆمیتەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی دەستگیركراوان كە لە چالاكانی مافی مرۆڤی ئێران پێكهاتووە، لیستی ناوی ژمارەیەك كەسی بڵاو كردووەتەوە كە بە "خراپەكاری لەسەر زەوی و كوشتنی كارمەندانی ئەمنی تۆمەتبار یان تاوانبار كراون" و هۆشداری دەدات كە نزیكەی 40 دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكان لەبەردەم مەترسیی لەسێدارەداندان.