سیڤی سێ کاندیدی نوێ بۆ پۆستەکانی وەزیری پێشمەرگەو ئەوقاف و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد گەیشتنە پەرلەمان

07-01-2023 10:23

پەرەگراف

سیڤی کاندیدانی نوێ بۆ پۆستەکانی وەزیری پێشمەرگە، ئەوقاف و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد گەیشتنە پەرلەمانی کوردستان تا متمانەیان پێبدرێت.

کەناڵی کوردستان٢٤ سەربە سەرۆکوەزیرانی ھەرێم بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی بە نوسراوی فەرمی سیڤی هەر سێ کاندیدەکەی ناردووەتە پەرلەمان و سیڤییەکان لە ده‌ستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانن و بەر لە 48 كاتژمێر پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆمتمانەدان پێیان، دەخرێنە بەردەم پەرلەمانتاران.

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشکرا کرد، پارتی و یەکێتی دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەتەوەو ڕێککەوتوون لەسەر هەماهەنگیی نێوانیان بۆ پەسەندکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی هەردوو حیزب دەیانەوێت لە پۆستە حکومیی و پەرلەمانییەکانیاندا ئەنجامی بدەن.

بەپێی بڕیاری پارتی و یەکێتی هەردوو حیزب گۆڕانکاریی لە چەند پۆستێکی تیمە وەزارییەکەیان لە حکومەتی هەرێم دەکەن و لە پەرلەمانی کوردستانیش پارتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەگۆڕێت.

یەکێتی بڕیاریداوە بە گۆڕینی هەریەکە لە؛ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆو پڕکردنەوەی شوێنی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداد، بۆ ئەو پۆستانەش کاندیدی نوێی دیاریکردووەو ڕێباز بێرکۆتی دەبێتە وەزیریپێشمەرگە، سەکەوت حەسەن بۆ بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەحمەد عەسکەری دەبێتە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداد.

پارتی دیموکراتیش ئەو بەرپرسانەی دەگۆڕێت کە لە دوای کۆنگرەی ئەو حیزبە بوونەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لە حکومەت و پەرلەمان پۆستی باڵایان هەیە، ئەوەش هەریەکە لە؛ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف دەگرێتەوەو زانا مەلاخالید دەچێتە شوێنی ھێمن ھەورامی و ئەحمەد کانی لەبری پشتیوان سادق دەبێتە وەزیری ئەوقاف.

ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پەسەندکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی یەکتر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هەردوو حیزب بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان، بۆئەو مەبەستەش چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژانی داھاتوو کۆبوونەوەی باڵا لە نێوان هەردو حیزب ئەنجام بدرێت.

بەهۆی ناکۆکیی و نیگەرانییەکانیان لەگەڵ پارتی، قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە.

لەدوای کوژرانی هاوکار جاف بە بۆمبی چێندراو لە هەولێر، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گەیشتە ئەو پەڕی گرژیی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش پەنجەی تۆمەتی بۆ بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی ڕاکێشا کە لە پشت ئەو ڕووداوەوە بن.

لەگەڵ دۆسیەی هاوکار جافدا، دۆسیەی ئەژی ئەمین کە یەکێتی لە حیزبەکەی دووریخستووەتەوەو پارتی لە هەولێر بایەخی تایبەتی پێداوە، بەشێکی دیکەن لە کێشەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە.

هاوکات بافڵ تاڵەبانی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکی دیکەی نێوان حیزبەکەی و پارتی لادا کە تایبەتە بە پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەیگازی سروشتی و دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێتەوەو دەڵێت: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.