سەربەست لەزگین: ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئامانجمانە و لەگەڵ یەكێتی و حیزبەكانی دیكە زەمینەسازیی بۆ دەكەین

08-01-2023 03:15

پەرەگراف

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ڕایدەگەیەنێت "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا ئامانجی سەرەكیمانە و وەكوو پارتی بڕیارمان داوە بە هەموو توانایەكەوە لەگەڵ یەكێتی و حیزبەكانی دیكە زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی بكەین".

سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنیش كە كێشەیەكی دیاری نێوان پارتی و یەكێتییە، سەربەست لەزگین دەڵێت "ئێمە سینگمان فراوانە كە هەڵبژاردن بە چ شێوازێك بێت و چۆن یاساكەی هەموار دەكەن".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ بۆ ژمارەیەك لە میدیاكان دوا و نەیشاردەكە كە "كێشەی زۆر" لە نێوان پارتی و یەكێتی هەن و حیزبەكەی "زۆر نیگەرانە" لەوەی ڕێككەوتنەكەیان لەلایەن یەكێتییەوە "تەنیا لەسەر كاغەز ماوە، لە ڕووی پراكتیكی و كارپێكردنەوە كاری پێ‌ نەكراوە و پێوەی پابەند نەبوون".

لەگەڵ ئەوەشدا سەربەست لەزگین جەختی كردەوە كە "بەم نزیاكانە كۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی دەبەسترێت، بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن و چارەسەر بۆ كێشە و نیگەرانییەكان بدۆزرێتەوە".

لەزگین ڕایشیگەیاند "بڕیار وایە پەرلەمانی كوردستان بەم نزیكانە كۆببێتەوە و ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەناو حكومەتدا پێویستن، بكرێن".

دوێنێ‌ 7-1-2023، كەناڵی كوردستان٢٤ سەر بە سەرۆكوەزیرانی ھەرێم، بڵاویكردەوە كە مەسرور بارزانی بە نووسراوی فەرمی سیڤیی هەر سێ كاندیدە نوێیەكەی بۆ پۆستەكانی وەزیری پێشمەرگە، ئەوقاف و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد، ناردووەتە پەرلەمان و سیڤییەكان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانن، بەر لە 48 كاتژمێر پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان پێیان، دەخرێنە بەردەم پەرلەمانتاران.

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، پارتی و یەكێتی دوور لە چاوی میدیاكان كۆبوونەتەوەو ڕێككەوتوون لەسەر هەماهەنگیی نێوانیان بۆ پەسەندكردنی ئەو گۆڕانكارییانەی هەردوو حیزب دەیانەوێت لە پۆستە حكومی و پەرلەمانییەكانیاندا ئەنجامی بدەن.

بەپێی بڕیاری پارتی و یەكێتی هەردوو حیزب گۆڕانكاریی لە چەند پۆستێكی تیمە وەزارییەكەیان لە حكومەتی هەرێم دەكەن و لە پەرلەمانی كوردستانیش پارتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەگۆڕێت.

یەكێتی بڕیاری داوە بە گۆڕینی هەریەكە لە؛ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆ و پڕكردنەوەی شوێنی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد، بۆ ئەو پۆستانەش كاندیدی نوێی دیاری كردووە و ڕێباز بێركۆتی دەبێتە وەزیری پێشمەرگە، سەكەوت حەسەن بۆ بریكاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەحمەد عەسكەری دەبێتە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد.

پارتی دیموكراتیش ئەو بەرپرسانەی دەگۆڕێت كە لە دوای كۆنگرەی ئەو حیزبە بوونەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لە حكومەت و پەرلەمان پۆستی باڵایان هەیە، ئەوەش هەریەكە لە؛ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف دەگرێتەوە و زانا مەلاخالید دەچێتە شوێنی ھێمن ھەورامی و ئەحمەد كانی لەبری پشتیوان سادق دەبێتە وەزیری ئەوقاف.

ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پەسەندكردنی ئەو گۆڕانكارییانەی یەكتر هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی هەردوو حیزب بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژانی داھاتوو كۆبوونەوەی باڵا لە نێوان هەردو حیزب ئەنجام بدرێت.

بەهۆی ناكۆكی و نیگەرانییەكانیان لەگەڵ پارتی، قوباد تاڵەبانی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە.

لەدوای كوژرانی هاوكار جاف بە بۆمبی چێندراو لە هەولێر، پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی گەیشتە ئەو پەڕی گرژیی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش پەنجەی تۆمەتی بۆ بەرپرسانی دژەتیرۆری یەكێتی ڕاكێشا كە لە پشت ئەو ڕووداوەوە بن.

لەگەڵ دۆسیەی هاوكار جافدا، دۆسیەی ئەژی ئەمین كە یەكێتی لە حیزبەكەی دووریخستووەتەوەو پارتی لە هەولێر بایەخی تایبەتی پێداوە، بەشێكی دیكەن لە كێشەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە.

هاوكات بافڵ تاڵەبانی پەردەی لەسەر ناكۆكییەكی دیكەی نێوان حیزبەكەی و پارتی لادا كە تایبەتە بە پڕۆژەی دروستكردنی بۆریی هەناردەیگازی سروشتی و دراوە بە كۆمپانیای كارگروپ نزیك لە پارتی، سەرۆكی یەكێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێتەوەو دەڵێت: بەبێ هیچ پڕۆسەیەكی تەندەر پێی دراوە.