وەزارەتی تەندروستی: جۆرێكی نوێی كۆرۆنا لە چین بڵاو بووەتەوە و ڕێكاری خۆپارێزی دەگرینە بەر

08-01-2023 04:50

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "لە هەرێمی كوردستان ڕێكاری نوێی خۆپارێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا دەگیرێتە بەر".

وەزارەتەكە دەڵێت، بڕیاری گرتنەبەری ڕێكار بەهۆی ئەوەوەیە كە جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی چین سەری هەڵداوە، بەڵام هیچ زانیارییەكی سەبارەت بە ڕێكارەكە نەخستووەتە ڕوو.

لە ساڵی 2022دا جۆرێكی نوێی كۆرۆنا لە چین بڵاو بووەوە و ئەو وڵاتە چەندین ڕێكار و كەرەنتینەی توندی گرتە بەر، بە ئامانجی گەیاندنی ڕێژەی تووشبوون بە سفر. ڕێكارە توندەكانی خۆپارێزی بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لەو وڵاتە، بەو هۆیەوە بەشێكی زۆریان هەڵگیران.

بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی دەڵێت، لەگەڵ هەڵگرتنی ڕێكارە توندەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە چین، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵییەكان باس لە پڕبوونی نەخۆشخانە و شوێنەكانی سووتاندنی تەرم لەو وڵاتە دەكەن.

لەگەڵ تەشەنەسەندنی جۆری نوێی كۆرۆنا لە چین، دوێنێ‌ هەریەك لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەلجیكا و لۆكسۆمبۆرگ داوایان لە هاووڵاتیانیان كرد كە خۆیان لە سەفەری ناپێویست بۆ چین بپارێزن.

چین بڵاوكردنەوەی ئاماری ڕۆژانەی كۆرۆنای و لە مانگی كۆتایی 2022 تا ئێستا تەنیا 22 حاڵەتی گیانلەدەستدانی ڕاگەیاندووە.

دوێنێ‌ 7-1-2023، خەڵكی چین یەكەم ڕۆژی ئەو 40 ڕۆژەیان بەڕێ‌ كرد كە تێیدا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەكەن و ئاهەنگ و خۆشی دەردەبڕن، لەو بۆنەیەدا زۆرترین جووڵە و گەشتی ناوخۆیی لەسەر ئاستی جیهان ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی چین پێشبینی دەكات كە دوو ملیار گەشتیار لەو 40 ڕۆژەدا سەفەر بكەن، ئەوەش مەترسیی هەڵكشانی ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا زۆر زیاتر دەكات، هەر بۆیە وڵاتان ڕێكار لە بەرانبەر هاتوچۆ بۆچن دەگرنە بەر.