وتەبێژی نەوەی نوێ: پارتی و یەکێتی بەرپرسن لە دواخستنی ھەڵبژاردن و ترسی دۆڕانیان هەیە

09-01-2023 02:44

پەرەگراف

نەوەی نوێ لە وەڵامی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتیدا دەڵێت، ئەوەی بەرپرسە لە دواخستنی هەڵبژاردن پارتی و یەکێتییە.

"هۆکارەکەیشی بەڕوونی ئەوەیە هەردوولایان ترسی دۆڕانیان هەیە، چونکە هەم پارتیی لە سنووری هەولێر و بادینان وەزعی زۆر خراپە هەم یەکێتیش" هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ وادەڵێت.

شاهین دەشڵێت "هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ. بۆیە لەبری کات کوشتن و قسەی بێ سوود پێویستە پارتیی و یەکێتیی بێنە ژێرباری ئەو داوایەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و خەڵکی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێز لە دیموکراسیی بگرن".

وتەبێژەکەی نەوەی نوێ دەڵێت، ئەو پەیامەی وەڵامێکە بۆ عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کە ڕایگەیاندووە، هەمووان بەرپرسن لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبوو پێش ٦-١١-٢٠٢٢ ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی حیزبەکانەوە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە، هێشتا حیزبەکان ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە لەماوەی ئەمساڵداو لابردنی بەربەستەکان.

هەرلەسەر پرسی هەڵبژاردن، دوێنێ سەربەست لەزگین، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاند، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا ئامانجی سەرەكیمانە و وەكوو پارتی بڕیارمان داوە بە هەموو توانایەكەوە لەگەڵ یەكێتی و حیزبەكانی دیكە زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی بكەین".

سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنیش كە كێشەیەكی دیاری نێوان پارتی و یەكێتییە، سەربەست لەزگین وتی "ئێمە سینگمان فراوانە كە هەڵبژاردن بە چ شێوازێك بێت و چۆن یاساكەی هەموار دەكەن".