داواكاری گشتی: ڕووماڵكردنی ڕووداوی تاوانكاری كە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، پێچەوانەی یاسایە

پەرەگراف
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ڕووماڵكردنی هەر ڕووداوێكی تاوانكاری كە هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، "پێچەوانەی یاسایە" و ڕێكاری یاسایی لە دژی هەر میدیایەك دەگرنە بەر ئەو كارە بكات.
ئەمە دووەم جارە كە داواكاری گشتی هۆشداری لەبارەی ڕووماڵی ئەو جۆرە ڕووداوانەوە دەداتە میدیاكان و ئەم جارە دەشڵێت "تێبینی كراوە لە كاتی ڕووماڵكردنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە هەر ڕووداو و تاوانێك، بەتایبەتی تاوانی كوشتن، بەشێك لە كەناڵەكان زانیاریی بێ بنەما و ناڕاست بڵاو دەكەنەوە و لێكدانەوەی پێشوەختە و نادروست بۆ ڕووداوەكان دەكەن".
پێشتر لە ڕۆژی 20-12-2022، داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان لە ئاگادارییەكدا بۆ میدیا بینراو و بیستراوەكان، داوای لێ كردن لە ڕووماڵكردنی ڕووداوە نەخوازراوەكان و بەتایبەتی تاوانی كوشتن، لە كاتێكدا كە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەن، پابەندی یاسا و ڕێنماییەكان بن و ڕەچاوی ئیتیك و كاری میدیایی بكەن.
"چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراو، بە تاوان ئەژمار دەكرێت، كاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی ڕایگشتی دەبێت و دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە دادگا و دامودەزگاكانی حكومەت" داواكاری گشتی وای وت.
ئەو ئاگاداركردنەوەیەكی داواكاری گشتی لە كاتێكدایە بەشێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە كاتی بڵاوكردنەوەی ڕووداوەكانی كوشتندا چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراوەكان ئەنجام دەدەن، لە كاتێكدا تازە ڕووداوەكە ڕووی داوە و هەندێك جار بە دڵگەرمییەوە بە جۆرێك قسە دەكەن كە ڕەنگە لە دۆخی ئاساییدا بەو جۆرە نەبن.
هەروەها بەشێك لە كەناڵەكان لەكاتی ئەو جۆرە ڕووداوانەدا، مایك بۆ منداڵ ڕادەگرن و چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەكانیان لێ دەپرسن، ئەوەش كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ڕووبەڕووی ڕەخنەی پسپۆڕانی یاسا و ئیتیك و دەروونی و كۆمەڵایەتی كردووەتەوە.
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لەم بەیاننامە نوێیەیدا جەخت دەكاتەوە كە "چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری تاوانلێكراو، پێچەوانەی دەقی ماددەی (٢٣٦) بڕگە (١) لە یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)ی هەمواركراو و بەركار لە هەرێمە".
هەروەها كاركردن لەسەر ڕووداوە تاوانكارییەكانی بەو جۆرە، بە هۆكاری "نەمانی متمانە و بڕوای خەڵك بە دادگا و دامودەزگای حكومەتی هەرێم" داناوە و دەشڵێت "كاریگەریش دەكاتە سەر دابونەریتی كۆمەلگا".
"بە پێویستمان زانی ئاگاداری سەرجەم كەناڵەكەكانی ڕاگەیاندن و میدیا و ماڵپەرە ئەلیكترۆنییەكان بكەینەوە، كەوا ڕووماڵكردنی هەر جۆرە ڕووداوێكی تاوانكاری كە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، پێچەوانەی دەقی ماددەی ئاماژەپێكراوی سەرەوەیە و هەر حاڵەتێك بچێتە خانەی پێشێلكردنی یاسا و ڕێساكان، لە لایەن دەستەی مافی گشتیی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینە بەر"، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی وا دەڵێت.