داواكاری گشتی: ڕووماڵكردنی ڕووداوی تاوانكاری كە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، پێچەوانەی یاسایە

09-01-2023 08:55

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ڕووماڵكردنی هەر ڕووداوێكی تاوانكاری كە هێشتا ‏لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، "پێچەوانەی یاسایە" و ڕێكاری یاسایی لە دژی هەر میدیایەك دەگرنە بەر ئەو ‏كارە بكات.‏

ئەمە دووەم جارە كە داواكاری گشتی هۆشداری لەبارەی ڕووماڵی ئەو جۆرە ڕووداوانەوە دەداتە میدیاكان ‏و ئەم جارە دەشڵێت "تێبینی كراوە لە كاتی ڕووماڵكردنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە هەر ڕووداو و ‏تاوانێك، بەتایبەتی تاوانی كوشتن، بەشێك لە كەناڵەكان زانیاریی بێ بنەما و ناڕاست بڵاو دەكەنەوە و ‏لێكدانەوەی پێشوەختە و نادروست بۆ ڕووداوەكان دەكەن".‏

پێشتر لە ڕۆژی 20-12-2022، داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان لە ئاگادارییەكدا بۆ میدیا ‏بینراو و بیستراوەكان، داوای لێ كردن لە ڕووماڵكردنی ڕووداوە نەخوازراوەكان و بەتایبەتی تاوانی ‏كوشتن، لە كاتێكدا كە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەن، ‏پابەندی یاسا و ڕێنماییەكان بن و ڕەچاوی ئیتیك و كاری میدیایی بكەن.‏

‏"چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراو، بە تاوان ئەژمار دەكرێت، كاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی ‏ڕایگشتی دەبێت و دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە دادگا و دامودەزگاكانی حكومەت" ‏داواكاری گشتی وای وت.‏

ئەو ئاگاداركردنەوەیەكی داواكاری گشتی لە كاتێكدایە بەشێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە كاتی ‏بڵاوكردنەوەی ڕووداوەكانی كوشتندا چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراوەكان ئەنجام دەدەن، لە ‏كاتێكدا تازە ڕووداوەكە ڕووی داوە و هەندێك جار بە دڵگەرمییەوە بە جۆرێك قسە دەكەن كە ڕەنگە لە ‏دۆخی ئاساییدا بەو جۆرە نەبن.‏

هەروەها بەشێك لە كەناڵەكان لەكاتی ئەو جۆرە ڕووداوانەدا، مایك بۆ منداڵ ڕادەگرن و چۆنیەتی ‏ڕوودانی ڕووداوەكانیان لێ دەپرسن، ئەوەش كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ڕووبەڕووی ڕەخنەی پسپۆڕانی یاسا ‏و ئیتیك و دەروونی و كۆمەڵایەتی كردووەتەوە.‏

سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لەم بەیاننامە نوێیەیدا جەخت دەكاتەوە كە "چاوپێكەوتن لەگەڵ ‏كەسوكاری تاوانلێكراو، پێچەوانەی دەقی ماددەی (٢٣٦) بڕگە (١) لە یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە ‏‏(١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)ی هەمواركراو و بەركار لە هەرێمە".‏

هەروەها كاركردن لەسەر ڕووداوە تاوانكارییەكانی بەو جۆرە، بە هۆكاری "نەمانی متمانە و بڕوای ‏خەڵك بە دادگا و دامودەزگای حكومەتی هەرێم" داناوە و دەشڵێت "كاریگەریش دەكاتە سەر دابونەریتی ‏كۆمەلگا".‏

‏"بە پێویستمان زانی ئاگاداری سەرجەم كەناڵەكەكانی ڕاگەیاندن و میدیا و ماڵپەرە ئەلیكترۆنییەكان ‏بكەینەوە، كەوا ڕووماڵكردنی هەر جۆرە ڕووداوێكی تاوانكاری كە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، پێچەوانەی ‏دەقی ماددەی ئاماژەپێكراوی سەرەوەیە و هەر حاڵەتێك بچێتە خانەی پێشێلكردنی یاسا و ڕێساكان، لە ‏لایەن دەستەی مافی گشتیی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینە ‏بەر"، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی وا دەڵێت.‏