
پەرەگراف
بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بەرلە كۆتایی مانگی یەك و دوای گرتنەبەری ڕێكارەكانی ڕێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار، بەهای دۆلار بۆ ئاستی پێشووی دادەبەزێتەوە كە 1470 دینارە.
ئیحسان شەمران یاسری، ڕاوێژكاری بانكی ناوەندیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند "بانكی ناوەندی پابەندە بە بڕیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە چوونی دۆلار بۆ هەندێك وڵات كە لە لێیان قەدەغە كراوە دۆلاریان بۆ هەناردە بكرێت".
ئەو ڕاوێژكارەی بانكی ناوەندیی عێراق جەختی كردووەتەوە بانكەكە "ڕێكاری پێویست" بۆ ڕێگری لە چوونی دۆلار بۆ هەندێك وڵات كە لە لێیان قەدەغە كراوە، دەیانگرێتە بەر و "نایەوێت خۆی لەوە لابدات".
سەبارەت بە ناجێگریی بەهای دۆلار، ئیحسان شەمران یاسری دووپاتی دەكاتەوە كە "دۆخەكە كاتییە و لە ماوەی دوو هەفتەدا نرخی یەك دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و 470 دینار (واتە 100 دۆلار بۆ 147 هەزار دینار دادەبەزێتەوە".
یاسری ئاماژەی بەوەش كردووە كە "پارێزگاری بانكی ناوەندی لەگەڵ ژمارەیەك بازرگان كۆبووەتەوە و داوای لێ كردوون كە پشت بە وردبینی یان مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بانكەكان ببەستن، پێویست ناكات مامەڵە لەگەڵ نێوەندگیرەكان و ئەو كەسانەدا بكەن كە یاری بە نرخەكان دەكەن".
لە ماوەی ڕابردوودا بانكی ناوەندی چەند ڕێكارێكی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار گرتووەتە بەر، بەڵام تا ئێستا بێ كاریگەری بوون و بەهای دۆلار بە بەرزی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی كوردستان و عێراق گەیشتە ئاستێكی پێوانەیی و بەهای 100 دۆلار تا 161 هەزار و 500 دینار بەرز بووەوە.