مەلا بەختیار، عەلی حەمەساڵح دەداتە دادگا

10-01-2023 07:47

پەرەگراف

مەلا بەختیار مۆڵەتی ٢٤ کاتژمێر دەداتە عەلی حەمەساڵح تا داوا لێبوردن بکات لەسەر 'تۆمەتێک کە خستوویەتیە پاڵ خۆی و خێزانەکەی کە گوایە لە ئوردن ئوتێل و نەخۆشخانەیان هەیە'، بەپێچەوانەوە دەیداتە دادگا، ئەو پەرلەمانتارە ئامادە نییە داوای لێبوردن بکات.

پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح لە نووسینێکی ڕەخنەییدا ڕووەو مەلا بەختیار چەندین تۆمەت ئاڕاستەی خۆی و حیزبەکەی دەکات و لە بەشێکیدا دەڵێت "کێ لە ئوردن خێزانەکەی نەخۆشخانەو ھۆتێلی ھەیە؟ زۆر شتی تر! بە کام پارە کڕدرا؟".

لە دوای ئەو نووسینە، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "دوور و نزیک، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە ئوردن یان لە هەر وڵاتێکی دنیا، هەر کەسێک توانی بیسەلمێنێ بەڕێز مەلا بەختیار خۆی، یان هاوسەری، یان لە ڕێگەی خزمێکییەوە، پرۆژەی بازرگانی گەورە، بچوک، مامناوەند یان هەرشێوەیەکی تری هەیە، بە دڵنیاییەوە بەڕێز مەلابەختیار، لەبەردەم گەلەکەماندا ئیتر هەتا هەتایە، واز لە سیاسەت دەهێنێت".

"عەلی حەمە ساڵح، لەئێستاوە هەتا بەیانی کاتی دەوام، داوای لێبوردن نەکات، بێگومان لەسەر ئەم بوختانەی کە کردوێتی، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین. عەلی حەمە ساڵح، ئەگەر مەبەستی نییە هەموو رۆژێک لەسەر سۆسیالمێدیا بێت، بەڕیز مەلا بەختیار خۆی نەخستۆتەئەو ئاستە، هیچ کاتێک لەسەر ناوبراو بنوسێت" سکرتێرەکەی مەلا بەختیار وادەڵێت.

لەبارەی تۆمەتەکانی عەلی حەمەساڵح بۆ یەکێتی، سکرتێری مەلا بەختیار دەڵێت "هەموو ئەو زانیارییانەی عەلی حەمە ساڵح، لەسەر یەکێتی بڵاویدەکاتەوە، ئەگەر راستنین، هەقە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، یان مەکتەبی سیاسی سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن".

لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو ڕوونکردنەوەیەی سکرتێرەکەی مەلا بەختیار لە سایتی چاودێر، عەلی حەمەساڵح بە کۆمێنت نووسیویەتی "پرسیار! دەڵێم، کێ لە ئوردن خۆی و خێزانەکەی هۆتێل و نەخۆشخانەی هەیە؟ دەڵێ: سکاڵات لەسەر تۆماردەکەم! بۆ بردیانە سەر خۆیان؟ لەسەرخاڵەکانی تر سکاڵا ناکات!".

لە وەڵامی کەسێکیشدا کە داوای لە عەلی حەمەساڵح کردووە داوای لێبوردن بکات، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "من دوای لێبوردن تەنیا لە خودادەکەم، ئەگەر هەڵەم بەرامبەر هاوڵاتیەکیش کردبێت".

ھەر لە کاردانەوەی ڕوونکردنەوەکەی مەلا بەختیاردا، عەلی حەمەساڵح پۆستێکی نوێی لە پەیجەکەی کردوەو دەڵێت "کێ سکاڵا لەسەر ئێوە تۆماربکات! جگە لە بردنی زەوی و داهاتی ناوخۆو بەشە نەوت، لەو پارەش لە بەغداوە بۆ سلێمانی دەهات مانگی ٣٥ ملیۆن دۆلارتان دەبرد! سی ساڵە بەناوی خەبات و ڕۆشنگەری خۆتان منداڵتان بوون بە بار لەسەر خەڵک".