نەوتەکەی حکومەت فریای ڕۆژی ڕەشی خەڵک ناکەوێ و هێشتا چارەکێکی خەڵکی کوردستان وەریاننەگرتووە

11-01-2023 03:54
دابەشکردنی نەوتەکەی حکومەتی هەرێم. وێنە؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

پەرەگراف

بەرمیلە نەوتەکەی حکومەتی هەرێم هێشتا بەسەر تەواوی خێزانەکانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش نەکراوەو ئەوانەی سوودمەندبوون ناگاتە چارەکێکی خەڵکی کوردستان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، تا دوێنێ بڕی 50 ملیۆن و 480 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكراوەو 252 هەزار و 401 خێزان سوودمەندبوون و پرۆسەكەش بەردەوامە.

ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان هەن و ٣٢٠ هەزاریان لە ناوچە شاخاوییەکانن.

سامانە سروشتییەکان دەڵێت، دوای تەواوبونی دابەش کردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان، دابەش کردنی نەوت لە دەوروبەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەستپێدەكات.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، لە زستانی 2018ـەوە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم بە تایبەت لەناو شارە گەورەكاندا، نەوتی سپی حكومییان بەرنەكەوتووە و بۆ ئەمساڵیش هیچ پلانێك نییە تا هەموو خەڵکی کوردستان لێی سودمەندبن.

ئەمڕۆش لە قەزای پێنجوێن خۆپیشاندان دەستی پێکرد لە دژی کەمبوونەوەی پێدانی كاره‌باو دابه‌شنه‌كردنی به‌رمیلی دووه‌می نه‌وت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، خۆپیشانده‌ران خێمەیان هەڵداو ڕێگای سەرەکی قەزاکەیان داخست.

خۆپیشاندەران بە توڕەییەوە باسیان لەوە دەکرد لە کاتێکدا قەزاکەیان لە ساردترین ناوچەکانی هەرێمە، بەڵام تەنها ٢٠٠ لیتر نەوتیان پێدراوە بە ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینارو بەڵێنی بەرمیلێکی دیکەیان پێدراوەو بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە.

ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکەی پێنجوێن