لە پێنجوێن مانگرتنی گشتییەو دوکان و بازاڕ داخراون

12-01-2023 01:15

پەرەگراف

دانیشتوانی پێنجوێن بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایی بەهۆی نەبوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی و دابەشنەکردنی نەوت، ئەمڕۆیش مانگرتنی گشتییان دەستپێکردو دوکان و بازاڕ نەکرانەوەو کاسبکاران لەڕیزی خۆپیشاندەراندان.

خەڵکی ئەو قەزایە دوێنێ خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامداو ڕێگای سەرەکی قەزاکەیان داخست، خێمەیان لەسەر شەقامەکان هەڵداو ئەمشەو لەسەر شەقام مانەوە.

خۆپیشاندەران بە توڕەییەوە باس لەوە دەکەن لە کاتێکدا قەزاکەیان لە ساردترین ناوچەکانی هەرێمە، بەڵام تەنها ٢٠٠ لیتر نەوتیان پێدراوە بە ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینارو بەڵێنی بەرمیلێکی دیکەیان پێدراوەو بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە، هەروەها کارەبای نیشتیمانی کە پێشتر ٢٤ کاتژمێر هەیانبووە، بڕیاربووە ٤ کاتژمێر کەم ببێتەوە، بەڵام ٨ کاتژمێر کەمکراوەتەوە.

زانا عەبدولڕەحمان قائیمقامی پێنجوێن ڕایگەیاند، وەک حکومەتی خۆجێی قەزاکە شەرم دەکەن و ناکرێت هەموو ساڵێک هەمان کێشە دووبارە ببێتەوەو ئەوان باجی ئەو بەرپرسانە دەدەن کە لە وەزارەتەکانن و بە ئەرکی خۆیان هەڵناسن.