هیومان ڕایتس وۆچ: دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوام بوون لە هەڕەشەكردن لە مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ

12-01-2023 02:59

پەرەگراف

ڕێكخراوی نێودەوڵەتیى چاودێریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ڕەخنەی توند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات و دەڵێت "بەردەوام بوون لە هەڕەشەكردن لە مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ، كردنە ئامانجی ڕەخنەگران، پێشێلكاریی جیددی لە دادگایكردنی چالاكان و دەستوەردانی سیاسی".

ڕێكخراوی نێودەوڵەتیى چاودێریی مافەكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ - HRW) لە ڕاپۆرتی ساڵی 2022ی دەربارەی ڕووداوەكانی عێراق، باس لە ڕووداوەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ دەكات.

ڕێكخراوەكە دەڵێت "لە هەولێر، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەكردن لە مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ و ئەكتەرانی كۆمەڵگەی مەدەنییان كردە ئامانج، سەرەڕای ڕاگەیاندنی پلانێكی نوێی پێنج ساڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان".

لە بەشێكی دیكە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە "لە هەرێمی كوردستانی عێراق، دەسەڵاتدارانی كورد لە ساڵی ٢٠٢٢دا یاسای وشە-ناڕوونیان بەكارهێنا بۆ كردنە ئامانجی ڕەخنەگران، بەهۆی دەربڕینی ڕەخنە و بۆچوونەكانیان كە ناڕەزایەتیان بەرامبەریان هەیە".

هیومان ڕایتس وۆچ کە چاودێریى ڕەوشى مافەکانى مرۆڤ لە سەرتاسەرى جیهان دەکات، باسی لە خۆپیشاندانەكانی مانگی ئابی 2022 لە هەرێمی كوردستان كردووە و دەڵێت "دەسەڵاتدارانی كوردی، دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاكوانیان دەستگیر كرد لە پێش خۆپیشاندانێكی ڕێكخراو كە لەلایەن ڕەخنەگرانی حكومەتی هەرێم داوا كرابوو".

لە ڕاپۆرتەكەدا جارێكی دیكە تیشك خراوەتەوە سەر دەستگیركردن و سزادانی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن و جەخت دەكاتەوە كە "لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا پێشێلكاریی جیددی دادگاییكردنی دادپەروەرانە و دەستتێوەردانی سیاسی هەبوو".

هەروەها شێوازی دادگاییكردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكانەی بادینان بە "شێوازێك كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێك لەمەوبەر لە هەرێمی كوردستانی عێراق" وەسف كراوە.

بەشێكی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ باس لە پێشنیازكردنی پرۆژەیاسایەك سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازان لەلایەن "ئەندامانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی كوردستان" دەكات و دەڵێت "پرۆژەكە سزای هەر تاك یان گرووپێك دەدات كە داكۆكی بكەن لە مافەكانی كەسانی سەر بە كۆمەڵەی پەلكەزێڕینە".

دەشڵێت "زۆرینەی پەرلەمانتارە كوردەكان واژوویان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە كرد، كە ئەگەر ببێت بە یاسا، سزای زیندانیكردن و غەرامەكردنی ئەو كەسانە دەدات كە كار لەسەر بەرەوپێشبردنی مافەكانی كەسانی سەر بە كۆمەڵەی پەلكەزێڕینە دەكەن".

ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس وۆچ باسی لە تۆپبارانەكەی توركیا لە مانگی تەمووزی 2022 بۆ سەر هاوینەهەوارەكەی دهۆك كردووە كە تێیدا ٩ گەشتیار گیانیان لەدەست دا و لانیكەم ٢٠ی دیكەش بریندار بوون. هەروەها هێرشەكانی ئێرانیش بۆ سەر ‌حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان باس كراوە و دەڵێت "بووە هۆی كوژرانی ١٣ كەس و برینداربوونی چەندین كەسی تر. هیومان ڕایتس وۆچ بۆی دەركەوت لە كۆیە هاووڵاتیی مەدەنی تیادا كوژراون".