وتەبێژی حكومەتی هەرێم ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغداد دەخاتە ڕوو

12-01-2023 04:57
کۆبوونەوەى نێوان محەمەد شیاع سوودانى و مەسروور بارزانى

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانی شاندنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەخاتە ڕوو. لەبارەی ناردنی 400 ملیار دینارەكەشەوە دەڵێت "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووبارە بابەتی ناردنی ٤٠٠ ملیارەكەی وەكوو شایستەی حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە، لەو بڕوایەدام بەربەستێكی گەورە لەبەردەم ئەم بابەتە نەمابێت و لە ماوەیەكی نزیكدا بنێردرێت".

دوێنێ‌ چوارشەممە 11-1-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی بەغدای كرد و بە جیا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی دیكەی عێراقیش كۆبووەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی وتووە "بە ئامادەبوونی لیژنەی هونەری و تەكنیكی، بە وردی باس لەو بڕگانە كرا كە ئاماژە بە ماف و پابەندبوونی هەردوولا دەدات، لەلایەن كەسانی شارەزای هەردوولاوە گفتوگۆیەكی ورد لەسەر ئەو بابەتانە كرا".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم بەبێ‌ خستنەڕووی وردەكاری، دەڵێت "ئەوەی جێی ناكۆكی بوون، گفتوگۆ كران و هەنگاوی باش لەو بابەتەدا نرا و توانرا هەندێك شت جێگیر بكرێت"، بەڵام نایشارێتەوە كە خاڵی جێی ناكۆكی هەبووە و دەڵێت "دیسانیش بابەتی دیكە ماوە قسەیان لەسەر بكەین".

"ئەنجامی ئەم سەردانە لەچاو كۆبوونەوەكانی ڕابردوو باش بوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكی حكومەت كە لە نزیكەوە ئاگاداری ئەم گفتوگۆیانە بوو و هەر بابەتێك پێویستی بە گفتوگۆی یەكلاكەرەوە و گفتوگۆی شێلگیرانە بووایە، ئەوا سەرۆكی حكومەت خۆی سەرپەرشتیی دەكرد. بەڕێز سودانیش، سەرۆكی حكومەتی عیراق، هاوكار بوو لەو خاڵانەی كە پیوێست بوو هەردوولایەن لەسەری ڕێكبكەون"، جووتیار عادل وا دەڵێت.

سەبارەت بە پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقیش، وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوە كردووە كە "ئەمە یەكەم جارە حكومەتی هەرێم بەشداریی نووسینەوەی دەكات"، دەشڵێت "پرۆسەكە بەردەوامە و تەواو نەبووە، لیژنەكانیش بەردەوام كار دەكەن بۆ ئەوەی تەواو ببێت و بچێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لەوێش پەسەند بكرێت".

دەربارەی یاسای نەوت و گازی عێراقیش كە یەكێك لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، جوتیار عادل ئاماژەی بەوە كردووە كە بەپێی ڕێككەوتنی نێوان كوتلە سیاسییەكان، پرۆژەیاساكە بووەتە بەشێك لە كارنامەی حكومەتەكەی سوودانی و دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا یاساكە پەسەند بكرێت.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە هەردوولا كۆك بوون كە "پرۆژەیاسای نەوت و گاز بە هەماهەنگیی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت. لە نووسراوێكی حكومەتی عێراقیش دووپات كرایەوە كە ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندیی هەردوولا، دەبێت بە ڕێككەوتنی هەردوولا بێت".