8 تووشبووی كۆرۆنا لە هەولێر چاكبوونەوە

10-04-2020 07:39


پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر چاكبوونەوەی 8 تووشبووی دیكەی كۆرۆنای ڕاگەیاند، بەوەش كۆی ئەوانەی لە هەولێر چاكبوونەوە گەیشتە 37.

د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، 168 تووشبووی كۆرۆنایان هەبووەو زیاتر لە 100 كەسیان بەهۆی دوو پرسەوە تووشبوون.

كۆی گشتی چاكبوونەوە لە هەرێم گەیشتە 142 كەس لە كۆی 324 تووشبوو، هەروەها 3 تووشبووی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە كە نەخۆشیی دیكەیان هەبووەو هۆكاری سەرەكی مردنیان كۆرۆنا نەبووە.

هاوكات فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاند، لە قۆناغێكی زۆر باشی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادان‌و وتی: ئەو مەترسییەی بەهۆی دوو پرسەكەوە تووشمان بوو كۆنتڕۆڵ كرا.

پارێزگاری هەولێر وتیشی: شەش ڕۆژی داهاتوو چارەنوسساز‌و یەكلاكەرەوەیە بۆئەوەی بزانین دوای ئەوە بەرەوكوێ دەڕۆین‌و پێویستە چی بكەین.