بافڵ تاڵەبانی: رێگە نادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لە ناوبازاڕی سلێمانی بکات

12-01-2023 07:54
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی و بازرگان و خاوەنکاران

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، رێگەنادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لە ناوبازاڕی سلێمانی بکات و نابێت هیچ هێز و لایەنێک جورئەتی ئەوەی هەبێت یاری بە ژیان و کەسابەتی خەڵکەوە بکات، دەشڵێت: هەر گرفت و ڕۆتینێک کاریگەری لەسەر سستبوونی بازاڕ هەبووبێت نایهێڵن.

ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ نوێنەرانی بازاڕی دراوی سلێمانی، زەڕەنگەران، بازاڕی جگەرە و ژمارەیەک بازرگان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بازاڕ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاروکاسبی لە سنووری سلێمانی.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، ئامادەبووان گوتویانە "دەستێكی سیاسی لەپشت شێواندنی بازاڕی سلێمانییەوەیە و بە دەنگۆی چەواشەكارانە هەڵایەكی میدیاییان دەستپێكردووە كە ئامانج لێی دروستكردنی وێنایەكی ناڕاست و شڵەژاوی سلێمانییە گوایە لە سلێمانی پارە سپی دەكرێتەوە و دراوی ئەمریكی دەبرێتە دەرەوە، ئەمەش هیچ بنەمایەكی نییە و هەوڵدانێكی نەزۆكانەیە بۆ سستكردنی بازاڕ".

لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە "دڵنیاتان دەکەمەوە رێگە نادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لە ناوبازاڕی سلێمانی بکات و زەمینەیەکی گونجاویش لەبەردەم بازرگان و سەرمایەداران دەڕەخسێنین تاوەکو ئازادانە کارەکانیان بکەن". وتیشی، "هەر گرفت و رۆتینێکیش کاریگەری لەسەر سستبوونی بازاڕ هەبووبێت نایهێڵین، هاوکار و پشتیوانتان دەبین لەپێناو بووژاندنەوەی کوردستان وبەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم".

بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی یەکێتی بۆ وەبەرهێنەر، سەرمایەدار و خاوانکاران دووپاتکردەوە و وتیشی "نابێت هیچ هێز و لایەنێک جورئەتی ئەوەی هەبێت یاری بە ژیان و کەسابەتی خەڵکەوە بکات و گرفت دروستبکات. ئێمە بەڵێنمان بە خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی داوە خزمەتیان بکەین و رێگە لە سزا سیاسی و داراییەکان بگرین، بۆیە درێژە بەکاری خۆتان بدەن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانتانە".