وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: یەکەم کاروانی نەوت لە بەغداوە گەیشتە هەرێم

12-01-2023 11:19

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی نەوت لە بەغداوە ئەمڕۆ گەیشتە هەرێم و لیتری بە ٥٠٠ دینار دابەش دەکرێت.

وەزارەتەکە گەیشتنی نەوتی گرێداوە بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغداو دەڵێت، تەوەرێكی ئەو گفتوگۆیانە تایبەت بوو بەدابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

"بەخۆشحاڵییەوە توانرا بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان  بكرێت، كە پێشتر نرخی هەر لیترێك نەوتی سپی بە 750 دینار دەستنیشان كرابوو، جەنابی سەرۆكی حكومەت لەم سەردانەیدا داوای كرد ئەم نرخە بۆ هاوڵاتیانی كەم بكرێتەوە، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق رازی بوو ئەم نرخە بۆ  500 دینار بۆ هەر لیترێك كەم بكاتەوە" سامانە سروشتییەکان وادەڵێت.

دەشڵێت "ئەمڕۆ ١٢/١/٢٠٢٣ یەكەم كاروانی ئەم نەوتە گەیشتە هەولێر، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم بڕە نەوتە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەهەمان نرخی دابینكراو دابەش دەكات".

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشتر ڕایگەیاند، تا ١٠ی ئەم مانگە بڕی 50 ملیۆن و 480 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكراوەو 252 هەزار و 401 خێزان سوودمەندبوون و پرۆسەكەش بەردەوامە.

ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان هەن و ٣٢٠ هەزاریان لە ناوچە شاخاوییەکانن.