تەقینەوەیەک لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕوویدا

13-01-2023 11:07

پەرەگراف

تەقینەوەیەک لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ڕوویداو زیانی گیانیی نییە.

سەرچاوەیەک لە کێڵگەکە بە پەرەگرافی وت "ھۆکاری تەقینەوەکە دیار نییەو لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت".

بەوتەی سەرچاوەکە، "تەقینەوەکە دەنگێکی بەھێزی ھەبوو، پێناچێت مووشەک و کاتیۆشابێت وەک جارانی پێشووتر".

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و ساڵی ڕابردوو چەند جارێک بە مووشەک ھێرشی کرایەسەر، ھێشتا لایەنە ئەمنییەکان بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانەی پێشوویان ئاشکرا نەکردووە.

کۆرمۆر كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

كۆمپانیای دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، سەرقاڵی فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز تاساڵی ٢٠٢٣.

دانەگاز لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا ڕێككەوتووە كە بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر بكات، كۆی تێچووی پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە 630 ملیۆن دۆلارە.