هاووڵاتیانی پێنجوێن لە سەرمای چەند پلە ژێر سفردا بەردەوامن لە خۆپیشاندان

13-01-2023 04:46
دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانى شەوى ڕابردووى پێنجوێن

پەرەگراف

هاووڵاتیانی پێنجوێن سێ‌ ڕۆژ و شەوە لە سەرمای چەند پلە ژێر سفردا لەسەر شەقامن و داوای نەوت و كارەبای بەردەوام و خزمەتگوزاریی دیكە دەكەن. ئەوان دەڵێن "تا داواكارییەكانمان جێبەجێ‌ نەكرێت، لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبین". قائیمقامی پێنجوێنیش لە بەرانبەر بێوەڵامیی بەرپرسانی سەرووی خۆی بۆ داواكاریی خەڵكی قەزاكەی، دەستلەكاركێشانەوەی ڕاگەیاند، بەڵام بەشێك لە خەڵكی قەزاكە دژی دەستلەكاركێشانەوەی ناوبراون.

قەزای پێنجوێن كە ناوچەیەكی سنوورییە لەگەڵ ئێران، یەكێك لە ساردترین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانە و لە زستاندا پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن، بە جۆرێك هەندێك جار دەگاتە نزیكەی 20 پلە ژێر سفر.

هاووڵاتیانی پێنجوێن كە لە ڕۆژی چوارشەممە 11-1-2023 دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە، دەڵێن "جگە لە كارەبای 24 كاتژمێری، هیچی ترمان قبووڵ نییە، دەبێت بەرمیلێك نەوتی دیكەشمان پێ‌ بدرێت".

یەكێك لە خۆپیشاندەران وتی "حكومەت بەرمیلێك نەوتی 170 لیتریی پێ‌ داوین، پارەی 110 لیتری لێ‌ سەندووین، حیساب بكە سێ‌ دەبە نەوتی پێ‌ داوین كە بەشی سێ‌ ڕۆژی خێزانێكی قەرەباڵغ ناكات".

چەند شەوە كە پلەكانی گەرما تا پێنج پلەی ژێر سفر دابەزیون، بەڵام خۆپیشاندەرانی پێنجوێن سێ‌ شەوە لەژێر خێمەدا بەردەوامن لە خۆپیشاندان و وەكو ناڕەزایەتییەك ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان نادەن.

دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە لە دەروازەی سنووریی باشمەخەوە دێن یان بەرەو دەروازەكە دەچن، سێ‌ ڕۆژە ڕاگیراون، بەڵام ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان دەدرێت.

ئەمڕۆ یەكێك لە خۆپیشاندەران وتی، تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار لە ئاستی باڵا بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەهاتوون.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ئێوارەی ئەمڕۆ دەستلەكاركیشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند و دەڵێت "وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دابیننەكردنی خزمەتگوزارییەكانی سنووری قەزای پێنجوێن، دەستبەرداری پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم".

قائیمقامی پێنجوێن دەشڵێت "بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێكی جدی لە سنووری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بوودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بكەن".

بەڵام بەشێك لە خەڵكی پێنجوێن پاڵپشتی لە قائیمقامەكەیان دەكەن و دەیانەوێت لە پۆستەكەی بەردەوام بێت، دژی دەستلەكاركێشانەوەیشی هاشتاگێكیان ڕاگەیاندووە.

جگە لە نەوت و كارەبا، خزمەتگوزاریی دیكەی وەكوو ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و یەكلاكردنەوەی كێشەی ناوچەی پیشەسازیی پێنجوێن، لە داواكاریی خۆپیشاندەرانە.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی دەستلەكاركێشاوەی پێنجوێن، كە بەردەوام بەشداری لە خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی قەزاكەی دەكات، ئەم جارەش لەناو خۆپیشاندەرانەوە پاڵپشتی بۆ داواكارییەكانیان ڕاگەیاند، بەڵام بە ڕاشكاوی وتی كە بەرپرسانی پەیوەندیداری سەرووی خۆی بەڵێنی پێدانی بەرمیلێك نەوتی دیكە و كارەبای 24 كاتژمێرییان پێ‌ نەداوە كە داواكاریی سەرەكیی خۆپیشاندەرانە.

لە ئێستادا قەزای پێنجوێن كارەبای نیشتمانیی لە 24 كاتژمێرەوە بۆ 20 كاتژمێرە كەم كراوەتەوە.