قائیمقامی پێنجوێن دەستلەكاركیشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند

13-01-2023 05:37

پەرەگراف

زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، دەستلەكاركیشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند و دەڵێت "وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دابیننەكردنی خزمەتگوزارییەكانی سنووری قەزای پێنجوێن، دەستبەرداری پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم".

ماوەی سێ‌ ڕۆژە هاووڵاتیانی پێنجوێن بۆ داواكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و پێدانی دووەم بەرمیل نەوت و خزمەتگوزاریی دیكە لەسەر شەقامن. شەوانیش لە سەرمای چەند پلە ژێر سفردا بەردەوامن لە خۆپیشاندان، ڕێگا بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان بۆ دەروازە سنوورییەكانی قەزاكە نادەن.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێنجوێن، ئێوارەی ئەمڕۆ دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند و دەڵێت "بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێكی جدی لە سنووری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بوودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بكەن".

دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی قائیمقامی پێنجوێن:

ماوەی زیاتر لە (٨) هەشت ساڵە ئەمانەتی بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن لەسەر شانمە و نێوانی خۆم و خودای گەورە بۆ یەك ساتیش خیانەت و كەمتەرخەمیم لە كارەكەمدا نەكردووە و پۆستی قائیمقامییەتیم بۆ بەرژەوەندی تایبەتیم بەكارنەهێناوە. هەمیشە پاڵپشت و داكۆكیكاری مافەكانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاكەم بووم و لە خۆشی و ناخۆشییاندا بەشدار بووم...

بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێكی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بكەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواكاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان.

وە زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاكەم لەسەر جادەن و داوای چاككردنی بارودۆخی كارەبا دەكەن بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوینەتەوە و كێشەكەمان بۆ چارەسەر نەكراوە سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دەرگای لایەنە پەیوەندیدارەكانمان داوە.

بۆیە وەك بەرپرسێك كە هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە لەبەردەم خودای گەورە و ئەمانەتی بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە بەرامبەر بە خەڵكی سنووری قەزای پێنجوێن دەست بەرداری پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دابین نەكردنی خزمەتگوزارییەكانی سنووری قەزای پێنجوێن.

داوای لێبوردن لەخودای لێبووردە و میهرەبان و پاشان خەڵكی خۆشەویستی سنووری قەزای پێنجوێن دەكەم لە هەر كەموكورتییەك لە كاروبارمدا هەبووبێت.

لە كۆتاییدا زۆر سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە هاوكار و پاڵپشتم بوون بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی كارەكانی قائیمقامییەتیم لە (دام و دەزگاكانی حكومی و مامۆستایانی ئایینی و لایەنی ئەمنی و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە خێرخوازەكان و فەرمانبەرانی قائیمقامییەت و ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان بەتەنها وشەیەكیش یارمەتیدەرم بووبێ بۆ باش بەرەوپێش چوون و سەركەوتنم)

وە زۆر سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان و مەكۆی پێنجوێن دەكەم كە متمانەیان پێكردم و بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن یان بەمن سپارد.

جێی شانازی بوو بۆ من كە وەك پێنجوێنییەك ماوەی( ٨) هەشت ساڵ لەخزمەتی هاووڵاتییانی سنووری قەزاكەمدا بووم.

پێنجوێنی بوونم شانازییە بۆم و شانازی بە گەورە و بچووكی پێنجوێنییەكانەوە دەكەم.