عەلی ڕەزا ئەکبەری جێگری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران لە سێدارە درا

14-01-2023 09:13
عەلی ڕەزا ئەکبەری جێگری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران

پەرەگراف

عەلی ڕەزا ئەکبەری جێگری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران، بە تاوانی "سیخوڕی بۆ بەریتانیا" لە سێدارە درا، میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە.

ئەکبەری ھەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانی و ئێرانی بوو، ١١ی ئەم مانگە دادگای ئێران ئەو تۆمەتەی بەسەردا ساخکردەوەو فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد، ھەرچەندە ئەکبەریی تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە.

ئەکبەری پێشتر جێگری وەزیری بەرگری ئێران بووە و سەرۆکی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بووە، هەروەها ئەندامی ئەو ڕێکخراوە سەربازییە بووە کە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی جێبەجێ کردووە کە کۆتایی بە شەڕی ئێران و عێراق هێنا.

جێگری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا.

بەریتانیاو ئەمەریکا داوایان لە ئێران کرد کە لەسێدارەدانەکەی ڕابگرێت و دەستبەجێ ئازادی بکات، بەڵام ئێران گوێی بەو داوایانە نەدا.

ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان ئێرانیی ھەڵگری ڕەگەزنامە یان مافی مانەوەی بیانیی دەستگیر کردووە کە زۆربەیان بە تۆمەتی سیخوڕیو ئاسایشی نەتەوەیی دەستگیرکراون، ھەندێک لەوانە سزایان بەسەردا سەپێندراوەو بەشێکیشیان لەژێر فشاری وڵاتاندا ئازادکراون.

ھێشتا لانیکەم دوو بەریتانی-ئێرانی دیکە لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە، لەوانە موراد تەهباز کە هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکییە.