پارێزگاری سلێمانی بۆ خەڵکی پێنجوێن: لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزاکەتان چاکدەکرێت

15-01-2023 10:57
خۆپیشاندانی خەڵکی پێنجوێن. وێنە؛ ئاکۆ سالار

پەرەگراف

لە پێنجەم ڕۆژی بەردەوامیی خۆپیشاندانی خەڵکی پێنجوێندا، بڕیاری جێبەجێکردنی داوایەکی سەرەکییان درا کە چارەسەری کێشەی کارەبای قەزاکەیە.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "دانیشتوانی جوامێر و خۆشەویستی قەزای پێنجوێن و دەوروبەری، بە بڕیاری بەڕێز وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و، دوای هەوڵدانی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی و قائمقامیەتی قەزای پێنجوێن و پارێزگاری سلێمانی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە، لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزاکە چاکدەکرێت و بە پشتیوانیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتیانی خۆشەویستیش سیستمی زیرەک بۆ زامنکردنی کارەبای هاووڵاتیان دادەنرێت، لەسەر داوای خەڵکی پێنجوێن پشکی کارەبای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە ئەمڕۆوە لە پشکی کارەبای پێنجوێن جیادەکرێتەوە".

لەپاڵ چارەسەری کێشەی کارەبادا، خۆپیشاندەرانی پێنجوێن داوای دابەشکردنی بەرمیلی دووەمی نەوت دەکەن، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "لە ئاستی حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاووڵاتیانی سنوری پارێزگاکەمانسوپاس بۆ شێوازی مەدەنیانەو گیانی بەرپرسیارانەی هەموولایەک".

هاووڵاتیانی پێنجوێن پێنج‌ ڕۆژ و شەوە لە سەرمای چەند پلە ژێر سفردا لەسەر شەقامن و داوای نەوت و كارەبای بەردەوام و خزمەتگوزاریی دیكە دەكەن.

قەزای پێنجوێن كە ناوچەیەكی سنوورییە لەگەڵ ئێران، یەكێك لە ساردترین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانە و لە زستاندا پلەكانی گەرما بۆژێر سفر دادەبەزن، بە جۆرێك هەندێك جار دەگاتە نزیكەی 20 پلە ژێر سفر.

چەند شەوە كە پلەكانی گەرما تا پێنج پلەی ژێر سفر دابەزیون، بەڵام خۆپیشاندەران لەژێر خێمەدا بەردەوامن لە خۆپیشاندان و وەكو ناڕەزایەتییەك ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان نادەن.

دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە لە دەروازەی سنووریی باشمەخەوە دێن یان بەرەو دەروازەكە دەچن، پێنج‌ ڕۆژە ڕاگیراون، بەڵام ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان دەدرێت.