دادگای سلێمانی بڕیاریدا بە سزادانی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح بە ٩٠ ملیۆن دینار

15-01-2023 11:55

پەرەگراف

دادگای سلێمانی بڕیاریدا بە سزادانی عەلی حەمەساڵح بە بڕی ٩٠ ملیۆن دینار، لە دۆسیەی سکاڵای کۆمپانیای تایبەت بە دانانی کامێرای چاودێریی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل لە دژی ئەو پەرلەمانتارە.

عەلی حەمەساڵح بڕیارەکەی دادگای بڵاوکردەوەو سزاکە بە "ناڕەوا" لە قەڵەم دەدات.

"دادگای بەرای سلێمانی بڕیاری سزادانی منی داوە بە (٩٠ ملیۆن دینار) بیدەم بە کۆمپانیای تایبەت بە کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی. حوکمڕانی و دادگایەکی سەیر! بەرگری لە مافی گشتی بکەیت! سزات بدەن!" ئەو پەرلەمانتارە وادەڵێت.

کۆمپانیای تایبەت بە دانانی کامێرای چاودێری تیژڕەویی (خاڵ بۆ خاڵ) بەردەوامە لە کارەکانی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین، دانانی ئەو کامێرایانە بەو سیستمە ڕەخنەو ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام فشارەکان کاریگەرییان نەبووە.

عەلی حەمەساڵح چەند جارێک ئەو دۆسیەیەی بە گەرمیی لە میدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وروژاندو ڕەخنەی تووندی لەو پڕۆسەیە گرت، بە "نایاسایی" لە قەڵەمیداو داوای هەڵوەشانەوەی دەکرد، کۆمپانیاکە بە پاساوی زیان گەیاندن پێیان لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە سکاڵای لە دژ تۆمار کرد.

عەلی حەمەساڵح دەڵێت "وتومە: حکومەت خۆی ٩٨ کامێرای دیاری کردنی تیژڕەوی هەبوە.. دیار نیە! ئێستا نابێت دوو کۆمپانیا لە دوو زۆنەکە ٤٧٥ کامێرا بە سیستمی پۆینت توو پۆینت دابنێن.. ٧٠٪ داهات لە سەرەتا بۆ کۆمپانیا بێت…. ئەمە پێچەوانەی یاسایەو بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکەو بارگرانی گەورە دروست دەکات بۆ خەڵک! هەموو بەڵگەکانم خستە بەردەم دادگا.. بەڵام ئامادەنەبوون گفتوگۆی بەڵگەکان بکەن!".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "بەبێ ئەوەی بیسەلمێنن من زیانم لە کەس داوە، دادگای بەرای سلێمانی (٩٠ ملیۆن دینار) سزای داوم. ئەگەر پێتان وایە ئەم سزا بۆ ئەوەیە من پاشەکەشە بکەم و تەنازولتان بۆ بکەم زۆر هەڵەن.. هەموو ڕێگایەک دەگرمەبەر بۆ ڕێگری لە هێنان و دانان و بەڕێوەبردنی کامێرای تیژڕەوی بەم سیستمە لە لایەن کۆمپانیاوە.. سزادانی خەڵک نادرێت کۆمپانیا".