تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

10-04-2020 11:19

پەرەگراف

د.سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: لە سلێمانی کەسێکی دیکە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابوو گیانی لە دەستدا.

وەزارەتی تەندروستی زانیاریی لەبارەی ئەو تووشبووەوە ئاشكرا كرد‌و ڕایگەیاند، ئەو ئافرەتە تەمەن 65 ساڵەیە كە دانیشتووی شاری سلێمانی یەو ئەمڕۆ تووشبوونی بە كۆرۆنا ڕاگەیەندراو هەڵگری چەند نەخۆشییەكی كوشندە بووەو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

هاوكات د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی دەڵێت "ھۆکاری گیان لەدەستدانی ژنە تەمەن ٦٥ ساڵەکە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەبووە، بەڵکو بەھۆی جەڵتەی دڵەوە بووە‌و دوای مردنی پشکنینی بۆ کراوەو دەرکەوتووە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە".

ئەوە چوارەم تووشبوونی كۆرۆنایە لە هەرێمی كوردستان گیان لەدەست بدات، سیانەكەی دیكە دوانیان لە سلێمانی‌و یەكێكیان لە چەمچەماڵ بوو، هەرسێكیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووەو كۆرۆنا هۆكاری سەرەكی مردنیان نەبووە.

چەند كاتژمێرێك بەرلەوەی بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی پێگەیشت كە "ئەمڕۆ لە سلێمانی كەسێك گیانی لەدەستداوە كە نەخۆشیی درێژخایەنی ھەبووە‌و تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆناش بووە".

ئەوكات پەرەگراف بۆ پشتڕاست كردنەوەی ئەو زانیارییە پەیوەندیكرد بە د.ھێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە وەڵامدا تەنھا ئەوەندەی وت "ئێستا سەرقاڵی پشكنینین ھەركات ئەنجامەكەی دەرچوو ڕایدەگەیەنین"، هەربۆیە پەرەگراف پێی باش نەبوو هەواڵەكە بڵاوبكاتەوە تا پشتڕاست دەكرێتەوە.

كۆی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە 325 حاڵەت، هەروەها هەر ئەمڕۆ 11 كەس لە هەولێر چاكبوونەوەو كۆی ئەوانەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان پەڕاندووە گەیشتە 145 كەس لە هەرێم.