خۆپیشاندەرانی پێنجوێن قائیمقامی قەزاکەیان لە ماڵی خۆیەوە بردەوەسەر کارەکەی

15-01-2023 02:02
زانا رەحمان قائیمقامی پێنجوێن ئەمڕۆ لەبەردەم قائیمقامیەت قسەی بۆ خۆپیشاندەران کرد

پەرەگراف

دوای کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن بە وەرگرتنی بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکانیان، خۆپیشاندەران چوونەبەردەم ماڵی قائیمقام تا لە دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەزی بکەنەوە، قۆڵی قائیمقامیان گرت و بردیانەوەسەر کارەکەی و پاشگەزیان کردەوە.

خۆپیشاندەران قۆڵیانکرد بە قۆڵی زانا ڕەحمان قائیمقامی پێنجوێن و لە ماڵی خۆیەوە بەپێ بردیانەوە بۆ بینای قائیمقامیەتی و هاواریان دەکرد "کاک زانا کاک زانا.. پاوی مەرد پیاوی مەرد".

زانا ڕەحمان لەبەردەم قائیمقامیەت قسەی بۆ خۆپیشاندەران کرد و وتی "خوا ئاگای لە دڵمە ئەو بڕیارەی داومە هی دڵمەو تا ئەم دەقەیە سوێن بەخوا بڕیاری کۆتایی بووە. بەڵام لەم چەند ڕۆژەی دوای بڕیارەکە خراومەتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەو سوێن بەخوا نازانم بڕیاری چی بدەم".

دوای ئەو وتەیە خۆپیشاندەران هاواریان کرد "ئێمە بڕیار دەدەین و کاک زانا قائیمقامە".

پاشان زانا ڕەحمان لە بڕیاری دەستلەکار کێشانەوەکەی پاشگەز بووەوەو لە سبەینێوە دەچێتەوەسەر کارەکەی.

کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکەی پێنجوێن دوای ئەوەهات، ئەمڕۆ لە پێنجەم ڕۆژی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکەدا، بڕیاری گەڕانەوەی کارەبای ٢٤کاتژمێریی بۆ قەزاکەو جێبەجێکردنی داواکانی دیکەیان دراو کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هات.

نوێنەری خۆپیشاندەران سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە بەدەم داواکانیانەوە چوون، ئەوەش دوای ئەوەی ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە کارەبای پێنجوێن چاکدەکرێت و بەڵێنی دابینکردنی بەرمیلێک نەوتی دیکەشی بە خەڵکی قەزاکەدا.

خەڵکی پێنجوێن پێنج‌ ڕۆژ و شەو لە سەرمای چەندپلە ژێرسفردا لەسەر شەقام بون و داوای نەوت و كارەبای بەردەوام و خزمەتگوزاریی دیكەیان دەكرد، خۆپیشاندەران خێمەیان هەڵداو ڕێگەیان بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان نەدەداو دەیان ئۆتۆمبێل كە لە دەروازەی سنووریی باشمەخەوە دێن یان بەرەو دەروازەكە دەچن، پێنج‌ ڕۆژ ڕاگیران.