سەرۆکی هەرێم لە دوو مانگی داهاتوودا ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری دەکات

16-01-2023 03:45

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات.

فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەرکی یاسایی سەرۆکی هەرێم دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنەو دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

هەریری وتیشی، ئەرکی پەرلەمانە کۆببێتەوە و کێشەکانی وەکو یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن چارەسەر بکات.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردوو ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە پرۆسەکە ئەنجام نەدراو پەرلەمان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی هەڵبژاردن و گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش لە هەڵکشانی بەردەوامدان.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، لەبارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی وتی، پارتی بڕیاریداوە و دەستپێشخەریی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، ڕەتیشیکردەوە سەردانەکەی ئەمڕۆی برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە نێوانی پارتی و یەکێتییەوە هەبێت، وتی "سەردانەکەی مەکگۆرک پەیوەندیی بە ناکۆکیی پارتی و یەکێتییەوە نییە و سەردانێکی سیاسییە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عێراق و ناوچەکە، هەر کەس دەچێتە بەغدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات."