
پەرەگراف
بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاماری پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووس و دامەزراوە میدیاییەكان لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 زۆر زیادیان كردووە. زیاتر لە 100 حاڵەتی هێرش و هەڕەشە و سووكایەتی و دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا تۆمار كراون.
میترۆ ئەمڕۆ ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلكارییەكان بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە "لە ساڵی 2022دا 431 پێشێلكاری بەرانبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار كراون".
ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەرەكە، لە ساڵی 2021دا 353 پێشێلكاری بەرانبەر 260 ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار كرابوون.
سەنتەری میترۆ لە ڕاپۆرتی ساڵی 2022یدا تۆماركردنی "64 حاڵەت"ی دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانی بەبێ بڕیاری دادگا ڕاگەیاندووە، كە دوو هێندە و نیوی ساڵی ڕابردووترە، چونكە لە 2021دا تەنیا 25 حاڵەتی دەستگیركردن و دەستبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا تۆمار كرابوون.
ئامارەكانی دیكەی میترۆ بۆ ساڵی 2022 بەم شێوەیەن "ڕێگریكردن: 195 حاڵەت، زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی: 68 حاڵەت، هێرش و هەڕەشە و سووكایەتی: 46 حاڵەت، لێدان و برینداربوون: 26 حاڵەت، داخستنی نووسنگەی كەناڵ: یەك حاڵەت، هێرشی مووشەكی: دوو حاڵەت، هەڵكوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس: سێ حاڵەت، هێرشی ئەلیكترۆنی: شەش حاڵەت، پڕكردنەوەی بەڵێننامە: 16 حاڵەت".
ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ، لە كاتی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی سەنتەرەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وتی "داتاكان پێمان دەڵێن كە بارودۆخی كاری ڕۆژنامەنووسی بۆ ساڵێكی دیكەش پڕ ئاستەنگە و پێشێلكاری بەرامبەریان هێشتا نەبووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر كەسێك كە ئەنجامی دەدات لە هەر پلە و پایەكی دەسەڵاتدا بێت".
ڕێكخەری سەنتەری میترۆ وتیشی "وەك ساڵانی دیكە، كەشێكی دوژمنكارانە بەرامبەر ڕۆژنامەنووس لە ئارادایە. تەنانەت لەناو دەزگا میدیاییەكانیشیاندا، زۆربەیان بێ مافن. گریبەستی چەوسانەوەی میدیاكاران، كەمی و پێنەدانی مووچەی چەند مانگەیان، بووە، بە دیاردە لە باشترین حاڵەتیشدا مووچەكانیان دوادەكەوێت. جیاكاری زەقی موچەیش لە نێوان خانمانی میدیاكار و هاوكارەكانیان هەیە".
ڕەحمان غەریب ئاماژەی بەوەش كرد كە لە ساڵی 2022دا ڕەفتاری هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر تیمەكانی ڕاگەیاندن لە كاتی ڕووماڵكردنی ڕووداوەكاندا، "گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە".
"هێزەكانی ئاسایش، پۆلیس، چالاكی مەدەنی، دژەتیرۆر، پێشمەرگە، پاسەوانی كۆمپانیاكان، پاسەوانی بەرپرسان، هێزی نەناسراو، تەنانەت هاووڵاتیی ئاسایی، هێرشییان كردووەتە سەر تیمی ڕاگەیاندنەكان و ڕێگری یان كۆسپ و ئاستەنگیان بۆ دروست كردوون"، ڕەحمان غەریب وای وت.
لە وتارەكەی ڕێكخەری سەنتەری میترۆدا جارێكی دیكە تیشك خرایەوە سەر جێبەجێنەكردنی یاسای ڕۆژنامەگەری لە "زۆرینەی كێشەكانی نێوان حكومەت و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، هاووڵاتیان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن".