ڕاپۆرتی میترۆ؛ پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووس و میدیاكان زۆر زیادیان ‏كردووە

16-01-2023 04:39
ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ. فۆتۆ: سەنتەری میترۆ

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاماری ‏پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووس و دامەزراوە میدیاییەكان لە ساڵی ‏‏2022 بەراورد بە ساڵی 2021 زۆر زیادیان كردووە. زیاتر لە 100 حاڵەتی ‏هێرش و هەڕەشە و سووكایەتی و دەستبەسەركردن بەبێ‌ بڕیاری دادگا تۆمار ‏كراون.‏

میترۆ ئەمڕۆ ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلكارییەكان بڵاو كردەوە كە تێیدا ‏هاتووە "لە ساڵی 2022دا 431 پێشێلكاری بەرانبەر 301 ڕۆژنامەنووس و ‏دامەزراوەی میدیایی تۆمار كراون".‏

ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەرەكە، لە ساڵی 2021دا 353 ‏پێشێلكاری بەرانبەر 260 ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار ‏كرابوون.‏

سەنتەری میترۆ لە ڕاپۆرتی ساڵی 2022یدا تۆماركردنی "64 حاڵەت"ی ‏دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانی بەبێ بڕیاری دادگا ‏ڕاگەیاندووە، كە دوو هێندە و نیوی ساڵی ڕابردووترە، چونكە لە 2021دا تەنیا ‏‏25 حاڵەتی دەستگیركردن و دەستبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا تۆمار ‏كرابوون.‏

ئامارەكانی دیكەی میترۆ بۆ ساڵی 2022 بەم شێوەیەن "ڕێگریكردن: 195 ‏حاڵەت، زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی: 68 حاڵەت، هێرش و ‏هەڕەشە و سووكایەتی: 46 حاڵەت، لێدان و برینداربوون: 26 حاڵەت، ‏داخستنی نووسنگەی كەناڵ: یەك حاڵەت، هێرشی مووشەكی: دوو حاڵەت، ‏هەڵكوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس: سێ‌ حاڵەت، هێرشی ئەلیكترۆنی: شەش ‏حاڵەت، پڕكردنەوەی بەڵێننامە: 16 حاڵەت".‏

ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ، لە كاتی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی ‏سەنتەرەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وتی "داتاكان پێمان دەڵێن كە ‏بارودۆخی كاری ڕۆژنامەنووسی بۆ ساڵێكی دیكەش پڕ ئاستەنگە و پێشێلكاری ‏بەرامبەریان هێشتا نەبووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر كەسێك كە ئەنجامی ‏دەدات لە هەر پلە و پایەكی دەسەڵاتدا بێت".‏

ڕێكخەری سەنتەری میترۆ وتیشی "وەك ساڵانی دیكە، كەشێكی دوژمنكارانە ‏بەرامبەر ڕۆژنامەنووس لە ئارادایە. تەنانەت لەناو دەزگا میدیاییەكانیشیاندا، ‏زۆربەیان بێ مافن. گریبەستی چەوسانەوەی میدیاكاران، كەمی و پێنەدانی ‏مووچەی چەند مانگەیان، بووە، بە دیاردە لە باشترین حاڵەتیشدا مووچەكانیان ‏دوادەكەوێت. جیاكاری زەقی موچەیش لە نێوان خانمانی میدیاكار و ‏هاوكارەكانیان هەیە".‏

ڕەحمان غەریب ئاماژەی بەوەش كرد كە لە ساڵی 2022دا ڕەفتاری هێزە ‏ئەمنییەكان بەرامبەر تیمەكانی ڕاگەیاندن لە كاتی ڕووماڵكردنی ڕووداوەكاندا، ‏‏"گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە".‏

‏"هێزەكانی ئاسایش، پۆلیس، چالاكی مەدەنی، دژەتیرۆر، پێشمەرگە، پاسەوانی ‏كۆمپانیاكان، پاسەوانی بەرپرسان، هێزی نەناسراو، تەنانەت هاووڵاتیی ئاسایی، ‏هێرشییان كردووەتە سەر تیمی ڕاگەیاندنەكان و ڕێگری یان كۆسپ و ‏ئاستەنگیان بۆ دروست كردوون"، ڕەحمان غەریب وای وت.‏

لە وتارەكەی ڕێكخەری سەنتەری میترۆدا جارێكی دیكە تیشك خرایەوە سەر ‏جێبەجێنەكردنی یاسای ڕۆژنامەگەری لە "زۆرینەی كێشەكانی نێوان حكومەت ‏و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، هاووڵاتیان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن".‏