تیمی وەزاریی پارتی وەڵامی تیمی وەزاریی یەكێتی دەداتەوە

16-01-2023 09:08

پەرەگراف

تیمی وەزاریی پارتی داوا لە تیمی وەزاریی یەكێتی دەكات كە "نەبنە ڕێگر لەبەردەم بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم و هاوكار بن و بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان" و دەڵێت "ئەگەر لە گۆشتەكە بەشتان هەیە و بەشتان دەوێت، ئەوا لە گۆشتاوەكەشی كەمێك بخۆنەوە".

تیمی وزاریی پارتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەڵامی تیمی وەزاریی یەكێتی دەداتەوە و بەشداری نەكردنیان لە هەندێك لە كۆبوونەوەكانی حكومەت و دەرچوون لە گرووپەكانی واتسئاپ و ئامادەنەبوونیان "بۆ چارەسەری كێشەكان" و باسكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە "ڕاكردن لە بەرپرسیاریەتیی یاسایی و سیاسی و ئیداری" ناو دەبات.

دەقی ڕوونكردنەوەی تیمی وەزاریی پارتی:

‌‎دوابەدوای پەیامەكەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە زۆر بەڕوونی باسی لەو كێشانە كرد كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دروستیان دەكات بەرامبەر حكومەتی هەرێم كە لە هەمانكاتدا، چارەسەرەكەشی خستەڕوو، بەڵام بەداخەوە تیمی یەكێتی لە بری گفتوگۆكردن و كۆبوونەوە، بە كاردانەوەی لاواز وەڵامیان دایەوە. بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەو ڕاستییانە بخەینەڕوو؛

‌‎- بەشداری نەكردن لە هەندێك لە كۆبوونەوەكانی حكومەت و دەرچوون لە گرووپەكانی واتسئاپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری كێشەكان و باسكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، واتای ڕاكردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری.

- خەڵكی كوردستان هۆشیارە و داواكارین ئێوەش بگەڕێنەوە سەر وتار و دیدار و قسەكانی ساڵانی پێشووتان كە چۆن باس لە دەستكەوت و كاروچالاكی و سەركەوتنی كابینەی نۆیەم دەكەن، ئەگەر كەموكوڕیێكیش لەم كابینەیەدا بوونی هەبێت ، ئەوا لە ئاكامی ئەو سیاسەت و ڕێگریەیە كە یەكێتی پیادەی دەكات، دەتانەوێت لاوازی پێگەی حیزبی و سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەریتان و كێشە ناوخۆییەكانتان بەوە دابپۆشن كە ڕێگا نەدەن حوكمڕانیێكی سەرانسەری و شەفاف لە دارایی و داهات و حوكمی یاسا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت و میلیشیا ئاسا ، ئەم سیاسەتەتان لەسەر خەڵكی بسەپێنن و بڵێن ئێمە ئەگەر دەنگ و كورسیشمان كەم بێت بەڵام خۆمان فەرز دەكەین ، خەڵك و دۆست و ناحەزانیش شایەدی بۆ ئیدارەدانی ئێوە لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدەن كە خەڵكەكە لە چ نائارامی و بێ خزمەتگوزاریێكدا ژیان بەسەر دەبەن.

- ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە هێز بۆ ڕێگریكردن لە كاری دزێو و دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بۆ هەموو سنوورەكانی هەرێم بنێرێت و نەگوتراوە تەنیا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لەبەرئەوەی خۆتان دەزانن چ لە سنوورەكانی پارێزگای سلێمانی چی دەگوزەرێت، بۆیە ڕێگری لە دەستپێشخەریێكی وا دەكەن، بفەرموون هەرچی خۆتان پێتان وایە شارەزایە و بە دڵتانە و خەڵكی خۆتانە با لەگەڵ هێزەكە بێت بۆ هەموو سنوورەكان.

‌‎- پڕۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە كابینەكانی ڕابردوو ئەنجامدراوە كە جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت سەر بە یەكێتی و بە تایبەتیش بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لە ئاستی باڵای ئەم حیزبە ، لە چەندین بۆنە گوتوتانە ئاگاداری وردەكارین و لە كابینەی ڕابردوو تا ئێستا بە سەرپەرشتی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە سەر بە یەكێتیە، كۆمپانیایێكی باوەڕپێكێراوی جیهانی تایبەتمەند لەم بوارە، سەرپەرشتی وردبینی فرۆشتنی نەوت دەكات.

- كەس ناتوانێت لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڕەشە بكات، ئەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران بووە، تەنیا پەیوەندیێكی تەلەفۆنی بووە لەگەڵ برادەرێكی كۆنی خۆی، بەڵام ئەگەر بتانەوێت ئاستی ئەم كارە تیرۆرستیەی بەرامبەر (شەهید هاوكار جاف) لە پایتەخت ئەنجامدرا بەراورد بكەن لەگەڵ ئەمە، ئەمە خەیاڵ پڵاویە.

- ئێمە هەر لە ڕۆژی یەكەمی تیرۆركردنی شەهید هاوكار جاف بە نامەی فەرمی داوامان لێكردن كە هاوكاربن لە لیكۆڵینەوە لە تۆمەتباران ، بەڵام ئێوە خۆتان لەم بابەتە دزیەوە و تا ئێستاش ئامادە نین تۆمەتباران بێنە بەردەم دادگا .

‌‎- هەڵبژاردن ڕێكار و یاسای خۆی هەیە، ناكرێت لە ترسی ئەوەی دەنگەكانتان زۆر كز بووە بڕو بیانوو بدۆزنەوە، لە كوێی دونیا هەیە حیزب ببێتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەیێكی دیموكراسی، بفەرموون با لە پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا، هەر گفتوگۆیەك هەیە بكرێت، ئایا پارتی ئەم یاسایەی داناوە؟ مەگەر ئێوەش وەك پارتی و بگرە زیاتریش، دەستتان لە دەركردنی هەموو یاساكانی پەرلەمان و بڕیارەكانی حكومەت نەبووە؟.

‌‎- داواتان لێدەكەین نەبنە ڕێگر لەبەردەم بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم و لە بەرامبەردا پێویستە هاوكاربن و بگەڕێنەوە سەر كارەكانتان ، ئەوكات بەرپرسیاریەتی دیاردەبێت، ئەگەر لە گۆشتەكە بەشتان هەیە و بەشتان دەوێت، ئەوا لە گۆشتاوەكەشی كەمێك بخۆنەوە.

‌‎كوتلەی وەزاری پارتی دیموكراتی كوردستان