مستەفا سەلیمی لە سەقز لە سێدارە درا؛ یەكێتی ڕوبەڕوی ڕەخنە بووەتەوەو لێكۆڵینەوە دەكات

11-04-2020 10:45
مستەفا سەلیمی


پەرەگراف

بەرەبەیانی ئەمڕۆ مستەفا سەلیمی زیندانی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سێدارە درا، بەپێی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێری دۆخی مافی مرۆڤ دەكات لە ڕۆژهەڵات.

سەلیمی یەك هەفتە دوای هەڵاتنی لە زیندانی سەقز، هەینی ڕابردوو خۆی گەیاندووەتە قەزای پێنجوێن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراوەو ڕێگە نەدراوە لە هەرێم بمێنێتەوە.

دوو گێڕانەوەی جیاواز هەن لەبارەی چۆنیەتی ناردنەوەی مستەفا سەلیمی بۆ ئێران، بەڵام ئەوەی پەرەگراف پشتڕاستی كردووەتەوە ئەوەیە؛ سەلیمی یەك شەو لە قەزای پێنجوێن ماوەتەوەو زۆریش داوای كردووە ڕێگەی مانەوەی پێ بدرێت، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكراوەتەوە.

ئەو ڕووداوە یەكێتی نیشتیمانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند كردووەتەوە بەو پێیەی هێزی ئەمنیی‌و هەواڵگریی لە ناوچەكە سەربەو حیزبەن، بەتایبەت چالاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان داوای ڕوونكردنەوە لە یەكێتی دەكەن، پەرەگراف زانیویەتی بەدرێژایی شەوی ڕابردوو بەرپرسانی باڵای یەكێتی سەرقاڵی بەدواداچوون بوون لەسەر ئەو ڕووداوە.

سەلیمی چۆن هەڵات‌و خۆی گەیاندە هەرێمی كوردستان؟

دوو هەفتە لەمەوبەر زیاتر لە 70 زیندانیی كە سزای قورس درابوون، توانییان لە زیندانی شاری سەقز هەڵبێن، مستەفا سەلیمی یەكێك لەو زیندانییانە بوو.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو ڕووداوە بۆ پەرەگراف دەڵێت "هەڵاتنەكەیان پلان بۆ داڕێژراو بوو، دوای هاتنە دەرەوەیان لە زیندان مستەفا سەلیمی‌و چوار هاوڕێی زیندانی ڕاستەوخۆ خۆیان گەیاندووەتە شاری بانە".

شكاندنی درگای زیندان‌و هەڵاتنی زیندانییان لەكاتی ئەو پشێوییانەدا بوو كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ئێران هاتبووە ئاراوە.

مستەفا سەلیمی دوای چەند ڕۆژێك مانەوەی لە شاری بانە، لە هاوڕێكانی جیادەبێتەوەو دەڵێت، چی دی ئەو نایەوێت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بمێنێتەوە.

"هەینی ڕابردوو(3-4-2020) مستەفا سەلیمی لە بانەوە خۆی گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان‌و لە ناحیەی گەرمك چووەتە ماڵی كەسێك، هەر ئەو شەوە ئاسایشی ناوچەكە لەژێرناوی بردنی بۆ پشكنینی كۆرۆنا دەستگیریان كردووە" سەرچاوەكەی پەرەگراف كە ئاگادارەو زانیاریی وردی هەیە وادەڵێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "سەلیمی شەوێك لە  قەزای پێنجوێن ماوەتەوەو بۆ بەیانیی ڕۆژی شەممە لە خاكی هەرێم دەركراوەو نێردراوەتەوە بۆ ئێران".

لەبارەی شێوازی ناردنەوەكەی مستەفا سەلیمی دوو گێڕانەوەی جیاواز هەن؛ سەرچاوەكە وادەڵێت "هەندێك دەڵێن براوەتە سەر مەرزی بانەو پێیان گوتووە لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نابێت لە خاكی هەرێم بمێنیتەوە، پاشان چووەتەوە خاكی ئێران‌و دەستگیر كراوە. هەندێكی دیكەش دەڵێن ئاسایشی گەرمك بە كەلەپچەكراوی ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانی كردووە لەسەر سنور. بەڵام ئەوە ڕوونە كە مستەفا سەلیمی زۆر تكای كردووە ڕێگەی مانەوەی لە خاكی هەرێم پێ بدرێت، چونكە ئەو زیندانی سیاسییەو ئەگەر ببرێتەوە ئێران لە سێدارە دەدرێت، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكراوەتەوە، هەرچەندە دەبوایە بارودۆخی لەبەرچاو بگیرێ‌و ڕێگەی مانەوەی پێ بدرێت".

"دوێنێ بەرپرسانی ئەمنیی بنەماڵەی مستەفا سەلیمییان ئاگادار كردووەتەوە كە بۆ دواین ماڵئاوایی سەردانی بكەن لە زیندان، ئەوانیش چوونەتەلای‌و بۆ دواجار دیداریان لەگەڵی ئەنجام داوە".

مستەفا سەلیمی، خەڵكی گوندی ئیلوی سەقزە، ماوەیەك پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بووە، بەڵام دواتر وازیهێناوەو گەڕاوەتەوە بۆ سەقز، لە ساڵی 2003 دەستگیر كراوەو بە تۆمەتی كاركردن بۆ گروپی چەكدار لە دژی ڕژێمی ئێران‌و پەیوەندیی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام سزاكەی جێبەجێ نەكراوەو 17 ساڵ تەمەنی لە زیندانی سەقز بەسەر بردووە.

یەكێكی دیكە لە هاوڕێیانی مستەفا سەلیمی كە لە زیندان پێكەوە بوون‌و هەڵاتن‌و دواتر لە بانە دەستگیركراوەتەوە، ناوی (شۆڕش مروەتی)یەو دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەویش ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا سەلیمی لە سێدارە بدرێت.

پەرەگراف زانیویەتی، شۆڕش مروەتی تا ئامادەكردنی ئەم بابەتە لە سێدارە نەدراوە، "دوێنێ بنەماڵەی شۆڕش مروەتیش بانگكراون بۆ بینینی لە زیندان، بەڵام بەوان نەگوتراوە بۆ دواماڵئاوایی بیبینن‌و هێشتا لەژیاندا ماوە، ڕەنگەی بەهۆی ئەوەبێت كە دۆسیەكەی ئەو جیاوازەو پێشتر كە دەستگیر كرابوو لایەنی سكاڵاكار بنەماڵەیەك بوون نەك دەوڵەت، مەگەر بەبۆنەی هەڵاتنی لە زیندان دۆسیەی دیكەی بۆ كرابێتەوە. بەڵام ئەوەی مستەفا سەلیمی ئیتڵاعاتی ئێران سكاڵاكاربوون لەسەری".

ڕەخنەكان ڕوو لە یەكێتین

هێزی ئەمنیی‌و هەواڵگریی لە پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی ئەم زۆنە، حیزبین‌و سەربە یەكێتی نیشتیمانین، هەروەك چۆن لە هەولێرو دهۆك سەربە پارتی دیموكراتن، هەربۆیە هەر رووداوێكی ئەمنیی ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت‌و ڕەخنەكان ڕوو لەو حیزبانە دەبن.

بەدەر لەوەی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەو ناوچەی جێنفوزی ئەمنیی یەكێتی سنورێكی فراوانی وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە، هاوكات یەكێتی بە ڕادەیەك لە ئێران نزیكە، زۆركەس ئەو وڵاتە وەك فریادڕەسی یەكێتی ناودەبن بۆ دەربازكردنی لەكاتی تەنگژەو قەیرانەكان، هەردوولا بەرژەوەندیی هاوبەشیان بەیەكەوە هەیە.

ڕێگەنەدان بە مانەوەی مستەفا سەلیمی‌و دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی قەزای پێنجوێنەوە، هەرزوو یەكێتی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند كردەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت "شەوی ڕابردوو یەكێتی لە ئاستی باڵادا سەرقاڵی بەدواداچوون بوون لەسەر ئەو ڕووداوە، بەتایبەت كاك كۆسرەت‌و قوباد تاڵەبانی، تەنانەت پەیوەندییان بە حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە كردووە بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەوبارەیەوە".

مستەفا سەلیمی ئەندامی هیچ كام لە حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەبووە، سەرەتای كاری سیاسیی ئەندامی حیزبی دیموكرات بووە، بەڵام بەرلەوەی لە ساڵی 2003 دەستگیر بكرێت، لەو حیزبە جیابووەتەوە.
هێشتا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هیچ لێدوان‌و ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دۆسیەی مستەفا سەلیمی نەداوە.