مەسعود بارزانی: هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت

17-01-2023 01:22

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ برێت مەكگۆرك، مەسعود بازانی ڕایگەیاندووە "پێویستە ‏ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ‏هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت".‏

برێت مەكگۆرك، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، پاش سەردانەكەی بۆ بەغداد و هەولێر و ‏كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی و نێچیرڤان بازانی، ئەمڕۆ لە ‏سەلاحەددین لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆبووەوە.‏

بارەگای بارزانی دەڵێت "لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ‏پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا، جەخت لە پێویستیی ‏چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بایەخی ڕۆڵی عێراق و ‏هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی ‏جیهانیدا كرایەوە".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، بارودۆخی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی ‏تری كۆبوونەوەیەكە بووە و تێیدا مەسعود بارزانی دووپاتی كردووەتەوە كە ‏‏"پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە ‏بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت".‏

مەكگۆرك و بارزانی گفتوگۆیان دەربارەی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمیش ‏كردووە، لەوباریەوە بارزانی ڕایگەیاندووە كە خوازیاری ئەوەیە "لەپێناو ‏تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم، كۆبوونەوە و ‏هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت".‏

سەبارەت بە چاكسازییەكان لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش، مەسعود ‏بارزانی "پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دووپات كردەوە".‏

‏"بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر، تەوەرێكی تری ئەو ‏كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاسایش و سەقامگیری ‏لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە"، بارەگای بارزانی وا دەڵێت.‏