جارێکی دیکە دۆلار بەرزبووەوەو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٦٠ هەزار دینار

17-01-2023 02:43

پەرەگراف

ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم بەرزبووەوەو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٦٠ هەزار دینار.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بەراورد بە دوێنێ و ١٠٠ دۆلار بە ١٦٠ هەزارو ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا.

ماوەی مانگێکە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق ناجێگیریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە بانکی ناوەندیی و حکومەتی عێراق بەردەوام دەڵێن ئەو دۆخە کاتییەو بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەڵام سەرجەم ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی گرتوویانەتەبەر کاریگەرییان نەبووە.

مانگی ڕابردوو بەهای دۆلار بۆ یەکەمجار گەیشتە ١٦٠ هەزار دینارو ماوەیەکی کورت لەو نرخەدا مایەوەو پاشان دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

زۆرێک لە شارەزایان پێشبینییان دەکرد دوای پشووەکانی سەری ساڵ بەهای دۆلار بگەڕێتەوە بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک، بەڵام پێشبینییەکان وادەرنەچوون ئەوەش بازاڕی ناسەقامگیرو خەڵکی نیگەران کردووە.