بافڵ تاڵەبانی و مەكگۆرك "دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ‏ئەمنییەكان"یان تاوتوێ‌ كردووە‏

17-01-2023 08:32

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و برێت مەكگۆركدا "دوایین گۆڕانكارییە ‏سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عێراق" تاوتوێ كراون.‏

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی حیزبەكەی لە ‏هەولێر، پێشوازیی لە برێت مەكگۆرك، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ‏ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و وەفدی یاوەری كردووە.‏

هەژماری فەرمیی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبووك دەڵێت "جەخت لە یەكخستنی ‏هەوڵە نیشتمانییەكان كرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا".‏

هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە "لە درێژەی دیدارەكەدا پەرەپێدانی ‏پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، ‏گفتوگۆی لەبارەوە كراوە".‏

مەكگۆرك ئێوارەی ڕابردوو بە سەردانێك گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع ‏سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە، هەر شەوی ڕابردوو گەیشتە هەولێر ‏و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبوونەوەی ئەنجام دا. بەیانیی ‏ئەمڕۆیش لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆبووەوە.‏

مەكگۆرك لە سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم گفتوگۆی ‏دەربارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكان كردووە، بە تایبەت ‏كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پرسی ‏وزە و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.‏

هەریەك لە ئامۆس هۆكستاین، نێردەی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ ژێرخانی ‏‏جیهانی و ئاسایشی وزە و خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە ‏عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوە، لەناو شاندەكەی ئەمریكادا ‏بوون.‏

سەرۆكایەتیی هەرێم لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ‏مەكگۆرك دەڵێت "‏دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق، پەیوەندییەكانی ‏ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی ‏كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا ‏و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان، دۆخی ‏ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ‏پرۆسەی یەكخستنی پێشمەرگە"، تاوتوێ كراون.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانییش، لە كۆبوونەوەی بارزانی و مەكگۆركدا ‏‏"بارودۆخی سیاسیی عێراق و ‏پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ‏بارودۆخی هەرێمی كوردستان، چاكسازییەكان لەناو هێزی پێشمەرگە، ‏بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر" تاوتوێ‌ كراون.‏

بارەگای بارزانی دەڵێت "لە دیدارەكەدا جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی ‏گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان ‏لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە".‏

مەسعود بارزانی دووپاتی كردووەتەوە كە ‏‏"پێویستە ئەمساڵ ‏لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە ‏بچێت و هیچ ‏بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت".‏

سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمیش بارزانی ڕایگەیاندووە كە خوازیاری ‏ئەوەیە "لەپێناو ‏تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی ‏هەرێم، كۆبوونەوە و ‏هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت".‏