هاتوچۆی هەولێر: كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی پۆینت تو پۆینت دەكەوێتە كار

18-01-2023 11:09

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ (Point to Poin) لە بەشێكی شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر (لە نێوان شەقامی كەركووك بۆ شەقامی بنەسڵاوە) لە هەردوو ساید، لە هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە كار.

بەڕێوەبەرایەتییەكە شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە كە "بۆ ئەوەی خۆتان لە سزای دارایی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی بپارێزن، نابێ لە شەقامی ١٢٠ مەتری لەمەولا تیژڕۆیی بكەن".

بەپێی ئەو خێرایی ڕێگا پێدراوەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دیاریی كردووە، لە شەقامی 120 مەتری ئۆتۆمبێلی بچووك نابێت لە ١١٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك خێراتر بڕوات. ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر)یش نابێت لە ٨٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك خێراتر بڕوات.

هاتوچۆی هەولێر دەڵێت "هەر خێراییەكی زیادە بۆتان تۆمار دەكرێت و سزای دارایی دەدرێن، ئیتر كامێراكە دیار بێت یان نا".

شوفێرانی بارهەڵگریش ئاگادار دەكاتەوە كە تەنیا ڕێگا پێدراون لە هێلی دیاریكراو بۆیان شوفێری بكەن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت "ئەم ڕێكارە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ كەمكردنەوەی قوربانییەكانی هاتوچۆ و كۆنترۆڵكردنی تیژڕۆیی".