مەسرور بارزانی: حکومەتی عێراق پابەندە بە هەڵپەساردنی ڕێکارەکانی دادگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و گازی هەرێم

18-01-2023 03:53

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ئاشکرا دەکات لەسەر پرسی نەوت و گازو دەڵێت، ئەوەی لەسەر ڕێککەوتوون ئەوەیە هەموو ئەو فشارانەی لەسەر حکومەتی هەرێم هەن لە ئێستادا ڕادەگیرێن و چاوەڕێ دەکەن تا دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وت "حکومەتی عێراق پابەندە بە هەڵپەساردنی ڕێکارەکانی دادگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی نەوت و گازی هەرێم".

بەپێی کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، ئەوەش وەک ڕێگارە بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، مەسرور بارزانی دەڵێت "شەش مانگمان هەیە بۆ دەرکردنی ئەو یاسایە، بەڵام نازانم واقیعییە یان نا، هیوادارم بە خێرایی جێبەجێ بکرێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، هەمیشە دڵنیاییان داوە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و بازرگانانی نەوت کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە دانەوەی قەرزەکانی ئەوانەوە، وتی "ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدرێت حکومەتی هەرێم پەلە دەکات لە پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان و کۆتایی بە چاوەڕوانییەکانیان دەهێنێت".

ناوەڕاستی شوباتی ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمداو داوایكرد نەوتی ھەرێم بخرێتە ژێر دەستی بەغداد.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار ئەو بڕیارەی رەتكردووەتەوە و ئامادەنییە جێبەجێی بكات.

لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی گرتەبەر، لەوانەش ھۆشداریدان بە كۆمپانیا جیھانییەكان و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە دژی چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی خزمەتگوزاریی نەوت كە لە ھەرێم كاردەكەن، بەڵام ئەو فشارانە کاریگەییان بۆسەر کەرتی نەوت و گازی هەرێم نەبووە.