یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دەڵێن: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن

18-01-2023 04:51

پەرەگراف

یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵییان لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامداو ئامادەن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بۆ ئەو مەبەستەش چەند داواکارییەکیان خستەڕوو.

دەزگای هەڵبژاردنی ئەو چوار حیزبە لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیاندا داوادەکەن، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوەو کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن کارابکرێتەوە.

هاوکات جەخت دەکەنەوە کە لایەنە سیاسییەکان کەشێکی گونجاو و سەقامگیر فەراهەم بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دیموکراتیانە. 

کۆبوونەوەی ئەو چوار حیزبە دوای ئەوەدێت، دوێنێ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ برێت مەكگۆرك، مەسعود بازانی ڕایگەیاند "پێویستەئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت وهیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت".‏

مەكگۆرك و بارزانی گفتوگۆیان دەربارەی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمیشكردووە، لەوباریەوە بارزانی ڕایگەیاندووە كە خوازیاری ئەوەیە "لەپێناوتێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم، كۆبوونەوە وهەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت".‏

بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەرکی یاسایی سەرۆکی هەرێم دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنەو دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

هەریری وتیشی، ئەرکی پەرلەمانە کۆببێتەوە و کێشەکانی وەکو یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن چارەسەر بکات.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی ڕابردوو ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە پرۆسەکە ئەنجام نەدراو پەرلەمان بەبێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە بە ئامانجی ئەوەی تا کۆتایی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی هەڵبژاردن و گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش بەردەوامن.