سەرۆكایەتیی هەرێم: هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە

18-01-2023 10:25

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە و زیاتر لە هەر كاتێك پێویستمان بە یەكگرتوویی و هاوكاریی نێوان هەموو لایەنەكان، بەتایبەتیش پارتی و یەكێتی هەیە".

پاش سەردانەكەی شاندی باڵای ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی برێت مەكگۆرك، ئەمشەو سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت "پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حكوومیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەین".

سەرۆكایەتیی هەرێم "پابەندی و پاڵپشتی"ی خۆی بۆ "پەیوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمداری عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی وڵاتە یەكگرتووەكاندا لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" دووپات دەكاتەوە.

"هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە. داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەین كە جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێكی فراوانەوە كێشەكانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكەن"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حكوومیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات بە سەرۆكایەتیی بەڕێز برێت مەكگورك، نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا و بە یاوەریی بەڕێز ئامۆس هۆكستاین، نێردەی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە.

ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ پەیوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمداری عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی وڵاتە یەكگرتووەكاندا لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەكەینەوە.

هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر كاتێك، پێویستمان بە یەكگرتوویی و هاوكاریی نێوان هەموو لایەنەكان، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە كە پێكەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە.

داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەین كە جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێكی فراوانەوە كێشەكانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكەن. ئەوەی كۆماندەكاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەكتریمان جیا دەكاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەكڕیزی جێگیر بكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین.

هاوكات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی چارەسەری كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین. وێڕای سەختییەكانی ڕابردوو، ئێمە گەشبینین كە دەتوانین لەگەڵ سەرۆكوەزیران بەڕێز محەممەد شیاع ئەلسوودانی و كابینەكەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەكان چارەسەر بكەین.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان