چوار هاووڵاتیی هەرێم لە توركیا كوژران و مەسروور بارزانی داوای ڕوونكردنەوە دەكات

19-01-2023 12:15

پەرەگراف

شەوی ڕابردوو چوار هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لە توركیا كوژران. لەبارەی ڕووداوەكەوە مەسروور بارزانی داوای ڕوونكردنەوە لە توركیا دەكات.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بە داخێكی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە ڕێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە توركیا، لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر چەند هاونیشتمانییەكی هەرێمی كوردستان، چوار كەس گیانیان لەدەست دا و یەكێكیش بریندارە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "بە توندی ئەم تاوانە سەركۆنە دەكەم، داوا لە حكومەتی توركیا دەكەین كە بە زووترین كات، هۆكارەكانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە ڕوون بكەنەوە و تاوانبارانیش ڕووبەڕووی دادگا بكەنەوە".

ئەو كەسانەی كوژراون و بریندار بوون، خەڵكی پارێزگای دهۆكن و ئەندامی دوو خێزانن، پێكهاتوون لە دایكێك و كوڕەكەی، لەگەڵ ژن و مێردێك و كچەكەیان.

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی دەڵێت، ڕووداوەكە "پەلاماری چەكداری" بووە لە ناوچەی یەنیكۆی ڕێگای ئارتوكڵو-نسێبین، لەلایەن "كەسێك یان چەند كەسێكی نەناسراوەوە" بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك كە تابلۆكەی پارێزگای دهۆكە.

"لەو پەلامارەدا، سێ كەسی ناو ئۆتۆمبێلەكە گیانیان لەدەست دا كە بریتی بوون لە: هەندرێن عەبدوڵڵا ساڵح (٣٩ ساڵ)، واحیدە حەیدەر جاسم (٦٣ ساڵ)، عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا (٦٩ ساڵ)، دوو كەسی دیكەش بە ناوی چیمەن شاهین خالید (٧٥ ساڵ) و ئەحمەد جەلالەددین ئیبراهیم (٤٥ ساڵ) بریندار بوون"، ئاژانسی ئەنادۆڵ وا دەڵێت.

تیمەكانی تەندروستیی بریندارەكانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی نسێبین و یەكێك لە بریندارەكان بە ناوی چیمەن شاهین، بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

پۆلیس لێكۆڵینەوەی لە ڕووداوەكە دەست پێ‌ كردووە و "هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی تاوانەكە دەستی پێ كردووە".

ئەو كەسانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی ڕوویان لە پارێزگای مێردینی باكووری كوردستان كردووە. هەر لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەی پێی ڕۆیشتوون، بە فیشەك كوژراون.

ڤیدیۆی رووداوەکە