بەهۆی پاڵەپەستۆوە هاندەرێك لە یاریگای بەسرە گیانی لەدەست دا و دەیانی دیكە بریندار بوون

19-01-2023 01:25

پەرەگراف

بەھۆی دروستبووونی پاڵەپەستۆ لە یاریگای نێودەوڵەتیی بەسرە كە بڕیارە ئەمڕۆ یاریی كۆتایی جامی كەنداوی تێدا بەڕێوە بچێت، كەسێك گیانی لەدەست دا و دەیانی دیكە بریندار بوون. سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە و چارەسەری دۆخەكە بە پەلە خۆی گەیاندە بەسرە.

سەرچاوەیەكی پزیشكی لە پارێزگای بەسرە بە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراقی ڕایگەیاندووە كە لە دەرگای چوونە ژوورەوەی یاریگای نێودەوڵەتیی بەسرە، پاڵەپەستۆ لەنێوان ھاندەراندا دروست بووە و بەھۆیەوە، ٦٠ ھاندەر بریندار بوون، كە برینی زۆربەكان سووكە.

هاوكات میدیاكانی عێراق گیانلەدەستدانی هاندەرێكیان بەھۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆكەوە ڕاگەیاند.

بڕیارە كاتژمێر 7:00ی ئەمشەو، یاریی كۆتایی پاڵەوانێتی جامی كەنداو 25 لە یاریگای نێودەوڵەتیی بەسرە لە نێوان ھەڵبژاردەی عێراق و ھەڵبژاردەی عومان ئەنجام بدرێت. چاوەڕان دەكرێت زیاتر لە ٦٥ ھەزار ھاندەر بۆ پاڵپشتیكردن لە ھەڵبژاردەی عێراق لە یاریگاكەدا ئامادە بن.

پاش ڕووداوی پاڵەپەستۆكە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، گەیشتە بەسرە و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاكە كۆبووەوە. دواتر داوای لە هاندەران كرد كە لەگەڵ سەپەرشتیار و لایەنە ئەمنییەكان هاوكار بن بۆ بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی كەنداو بە سەركەوتوویی.

ڤیدیۆی پاڵەپەستۆی هاندەران لەبەردەم یاریگاکە

لە ئێستادا سەرجەم شوێنەكانی ناو یاریگاكە پڕ بووە لە هاندەر و بەو هۆیەوە دەرگای یاریگاكە داخرا، هەزاران هاندەری دیكە كە لە دەرەوەی یاریگاكە مابوون، پاش داخستنی دەرگان كشانەوە.

ئەمە دووەم جارە عێراق میوانداریی پاڵەوانێتیی كەنداو دەكات، دوای ئەوەی جاری یەكەم لە ساڵی ١٩٧٩ لە بەغدا میوانداریی كرد. لە مێژووی خۆیشیدا سێ جار لە ساڵانی ١٩٧٩، ١٩٨٣ و ١٩٨٨ نازناوی پاڵەوانێتییەكەی بەدەستھێناوە.